خۆڕاگری: جەعفەر موختاریفەر، شاعیر، نووسەر و یەکێک لە چالاکە فەرهەنگییە ناسراوەکانی خەڵکی بۆکان، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعتی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ٧ی پووشپەڕی ١٤٠٥ی هەتاوی “٢٨ی ژووئەنی ٢٠٢٦ی زایینی” هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی هەڵیانکوتاوەتە سەر شوێنی کاری جەعفەر موختاریفەر، نووسەر و هاووڵاتیی خەڵکی شاری بۆکان و بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەریان کردووە و ڕفاندوویانە بۆ شوێنێکی نادیار.
هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعات سەرەتا هەڵیانکوتاوەتە سەر شوێنی کاری ناوبراو و لەگەڵ پشکنینی تەواوی شوێنەکە و پاش دەسبەسەرکردنی، بردوویانە بۆ ماڵی خۆیان و دوای پشکنینی ماڵەکەی، دەستیان بەسەر هێندێک کەلوپەلی تایبەتی وەکوو کۆمپیوتەر، کتێبەکان و یادداشتەکانیان گرتووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە و هەرەوەها تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لەبەردەستدا نییە.

Be the first to comment