خۆڕاگری: عەلی زولفی، هاووڵاتیی خەڵک بۆکان، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە لە شوێنی کارەکەی دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
بەپێی زانیارییەکانی ژووری هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” رۆژی یەکشەممە، ۷ی پووشپەڕی ۱٤۰٥ی هەتاوی “۲۷ی ژووئەنی ۲۰۲٦ی زایینی” هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم هەڵیانکوتاوەتە سەر شوێنی کاری عەلی زولفی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری بۆکان و بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کراوە و لەکاتی دەسبەسەرکردنیدا دەستیان بەسەر ئۆتۆمبێلەکەشیدا گرتووە و پاشان بۆ شوێنێکی نادیار گواستوویانەتەوە و تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لەبەردەستدا نییە.
لەلایەکی دیکەوە و لە درێژەی گوشارەکان بۆ سەر هاووڵاتییانی بۆکان، سێ هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی “یوسف ئەمینی، مەنسور قادرزادە و عەلی شوکری، کە پێشتر دەسبەسەر کرابوون، بۆ بەندیخانەی بۆکان گوازراونەتەوە و دادگا بۆ ئازادکردنی مەرجدارانەی هەر یەک لەم سێ هاووڵاتییە، بڕی دوو ملیار تمەن بارمتەی دیاری کردووە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، شەپۆلی دەسبەسەرکردن و گوشار بۆ سەر هاووڵاتییان لە کوردستان بە گشتی و شاری بۆکان بەتایبەتی، پەرەی سەندووە.

Be the first to comment