سەپاندنی سزای بەندکردن، لێدانی قامچی و دوورخستنەوە بەسەر هاووڵاتییەکی کورددا لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: دەزگای قەزایی ڕێژیم لە شاری بجنوورد، لە دۆسیەیەکی نادادوەریدا سزای بەندکردن، لێدانی قامچی و دوورخستنەوەی بەسەر هەمزە ئەحمەمی تەراقی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ئەو شارەدا سەپاند.
ڕۆژی یەکشەممە، ۲٨ی پووشپەڕی ۱٤۰٥ی هەتاوی “۱۹ی جولای ۲۰۲٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: حەمزە ئەحمەدی تەراقی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری بجنوورد کە لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوودا دەسبەسەر کرابوو، لەلایەن لقی دادگای ئینقیلاب و دادگای تاوانەکانی ڕێژیمەوە لەو شارە بە چوار تۆمەتی جیاواز، بە کۆی گشتی، سزای دوو ساڵ بەندکردنی تەعزیری، ١٤٨ لێدانی قامچی و یەک ساڵ دوورخستنەوە بۆ شاری «زەهەک”ـی پارێزگای پارێزگای سیستان و بەلووچستانی بەسەردا سەپێندراوە.
ناوبراو لە سەرجەم قۆناغەکانی دادگاییکردنیدا لە مافی دەستپێڕاگەیشتنی پارێزەر بێبەش کراوە و بەبێ بوونی بەرگریی یاسایی، سزاکانی بەسەردا سەپێنراوە و هەروەها پاش دەسبەسەرکردنی لە خۆپیشاندانەکاندا، بۆ ماوەیەک بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو، بەڵام لە مانگی بانەمەڕی ئەمساڵدا، دیسانەوە لەلایەن دەزگای قەزاییەوە بانگ کراوە و لە دوو دۆسیەی جیاوازدا بە تۆمەتی ناڕوون سزادراوە.
جێی ئاماژیە کە، بەپێی دەرەنجامی دادگاییەکە، لقی دووەمی دادگای ئینقیلابی ڕێژیم لە بجنوورد بە سەرۆکایەتیی قازی «حوسێن ئیبراهیمی»، لە یەکەم قۆناغی سزادانەکەیدا و لە ڕێکەوتی ٢ی بانەمەڕی ئەمساڵ، ناوبراوی بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە بەدژی نیزام» بە حەوت مانگ و ١٥ ڕۆژ زیندانی تەعزیری و ٧٤ لێدانی قامچی مەحکووم کردووە و هەروەها ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە ڕەخنەگرانی بواری مافی مرۆڤ، پرۆسەی دادگایییکردنی هاووڵاتییانی کورد لە دادگاکانی ڕێژیمی ئێران بە نادادپەروەرانە و پێشێلکاریی ئاشکرای مافە سەرەتایییەکانی بەرگریکردن لە خۆ دەزانن.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*