مەترسیی جیددی لەسەر ژیانی بێهزاد ڕەسووڵی، بەندکراوی سیاسیی کورد دوای زیاتر لە ٣ مانگ مانگرتن لە خواردن

خۆڕاگری: بێهزاد ڕەسووڵی، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی سەقز کە سزای ٨ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە، زیاتر لە سێ مانگە مانی لە خواردن گرتووە و ئێستا مەترسیی جیددی لەسەر ژیانی هەیە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە بە ژووری هەواڵی ماڵپەڕی خۆڕاگری گەیشتوون، بێهزاد ڕەسووڵی لە بەندیخانەی ناوەندیی سەقز بەهۆی مانگرتنەکەیەوە کە سێ مانگی تێپەڕاندووە، کێشی بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و باری تەندروستی و دەروونیی بەتوندی تێکچووە، بەجۆرێک کە ژیانی لەژێر مەترسییەکی جیددیدایە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە ڕایگەیاند: بەهزاد ڕەسووڵی کە لە بەندیخانەی ناوەندیی سەقز ڕاگیراوە و زیاتر لە سێ مانگە لە مانگرتندایە، لە دوێنێوە ٢٧ی پووشپەڕی ١٤٠٥ی هەتاوییەوە، باری تەندروستی بەتوندی تێکچووە و ڕێژەی شەکر لە خوێنیدا هاتووەتە خوار ٨٠، پەستانی خوێنی بەتەواوی دابەزیوە و گەیشتووەتە خوار ٥، کێشیشی بۆ کەمتر لە ٤٩ کیلۆگرام کەم بووەتەوە و دوێنێ لە کاتی خۆشوشتندا لە هۆش خۆی چووە و زیاتر لە کاتژمێرێک لەسەر زەوی کەوتووە، بەڵام هیچ کەسێک بەدەنگ دۆخەکەیەوە نەچووە و ئەمە لەکاتێکدایە کە کامێراکانی بەندیخانەکە بە بچووکترین جووڵەی گوماناوی، هێزەکانی چاودێری دەنێرنە ناو بەندەکان.

جێی ئەماژەیە کە، سەرەڕای ئەم دۆخە نالەبارە، بێهزاد هێشتا سوورە لەسەر بەردەوامبوونی مانگرتنەکەی و ڕایگەیاندووە: دەبێت تەرمەکەم لە بەندیخانە بەرنە دەرەوە، بەهزاد ڕەسووڵی لە سەرەتای بانەمەڕی ١٤٠٥، دوای دەرچوونی سزای ٨ ساڵ بەندکردنەکەی، لە ناڕەزایەتی بەرانبەر بەو بڕیارە دەستی بە مانگرتن لە خواردن کرد کە نزیکەی ساڵێکە لە بەندیخانەدایە، لە سەرەتای بەهاری ١٤٠٥ و هاوکات لەگەڵ پچڕانی هێڵی ئینتەرنێت، لەلایەن لقی یەکەمی دادگای ڕێژیمەو لە سەقز بە سەرۆکایەتی قازی “جەواد غەفاری” و بە تۆمەتی “ئەندامێتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکان”، سزای ٨ ساڵ بەندکردنی تەعزیریی بەسەردا سەپێنرا.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*