خۆڕاگری: یوسف دێهقانی، کارمەندی نەخۆشخانە و خەڵکی قوروە، دوای چەند مانگ دەسبەسەربوون، لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێڕیژیمەوە، سزای بەندکردن، لێدانی قامچی، دوورخستنەوە و پێبژاردنی پارەی بەسەردا سەپێنرا.
ڕۆژی سێشەممە، ۲٨ی ڕەزبەری ۱٤۰٥ی هەتاوی “۲۰ی ئۆکتۆبەری ۲۰۲٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: یوسف دێهقانی، کارمەندی نەخۆشخانە و هاووڵاتیی خەڵکی شاری قوروە کە مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو لە شوێنی کارەکەی خۆی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوو، دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان، دادگای ئینقلابی ڕێژیم لەو شارە لە دوو دۆسیەی جیاوازدا، بە تۆمەتگەلی جیاواز، سزای بەندکردن، لێدانی قامچی و دوورخستنەوەی لە زێدی خۆی بەسەردا سەپاندووە.
لە یەکەم دۆسیەدا کە لە دادگای تاوانەکانی ڕێژیم لە قوروە بە سەرۆکایەتیی قازی “هادی خانی” بەڕێوەچوو، ناوبراو بە سزای یەک ساڵ بەندکردن، دوو ساڵ دوورخستنەوە بۆ شارۆچکەی زابۆل و لێدانی ٣١ قامچی مەحکووم کراوە و هەروەها لە دۆسیەیەکی دیکەدا کە لە دادگای ئینقلابی ڕێژیم هەر لەو شارە، بە سەرۆکایەتیی قازی “حوسێن بیگدەلوو” خرایە بەر باس و سزای دوو ساڵ بەندکردنی هەڵپەسێردراو و پێبژاردنی پارەی بۆ بەسەردا سەپێندراوە.
جێی ئاماژەیە کە، یوسف دێهقانی پێشتر لە کاتی خۆپیشاندانەکانی شۆڕشی ژینادا، لەلایەن دەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە چەندجارێک بانگ کراو و لێپرسینەوەی لەگەڵ کرابوو و تا ئێستا وردەکاریی زیاتر لەبارەی جێبەجێکردنی ئەو سزایانە و تانەدانی ناوبراو لە بڕیارەکان ڕانەگەیەندراوە.

Be the first to comment