خۆڕاگری: جەواد عەلیکوردی، پارێزەری دادگوستەریی کوردی خەڵکی مەشهەد، لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمەوە، سزای ١٨ ساڵ بەندکردن، بێبەشکردنی هەمیشەیی لە پیشەی پارێزەری و دوو ساڵ دوورخستنەوەی بەسەردا سەپێندراوە.
ڕۆژی یەکشەممە، ٣١ی جۆزەردانی ١٤٠٥ی هەتاوی (٢١ی ژووئەنی ٢٠٢٦ی زایینی)، ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە مەشهەد، سزایەکی قورس و ناڕەوای بەسەر جەواد عەلیکوردی، پارێزەری دادگوستەریدا سەپاندووە کە لە کاتی ئێستادا لە دۆخێکی نالەباردا ماوەی دەسبەسەرکردنی لە بەندیخانەی وەکیلئاوای مەشهەد تێدەپەڕێنێت.
ناوبراو لە ڕێکەوتی ٢٠ی جۆزەردانی ئەمساڵدا، لە ڕەوتی دادگاییکردنی تەواو نادادپەروەرانەدا لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە مەشهەد تۆمەتەکانی پێ ڕاگەیەندراوە و بە تۆمەتگەلی وەکوو؛ کۆبوونەوە و پیلانگێڕی بۆ تێکدانی ئاسایشی گشتی، سزای ٥ ساڵ بەندکردن و بەتۆمەتی چالاکیی پڕوپاگەندە دژی ڕێژیم، سزای ١٣ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێنراوە کە سەرجەم دەکاتە ١٨ ساڵ بەندکردن. هەروەها لە پاڵ ئەم سزایەدا، بڕیاری بێبەشکردنی هەمیشەیی لە پیشەی پارێزەری، قەدەغەکردنی چوونەدەرەوە لە وڵات بۆ ماوەی ٢ ساڵ و دوورخستنەوەی بۆ شاری سەراوان لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان بۆ ماوەی ٢ ساڵی بەسەردا سەپێندراوە.
جێی ئاماژەیە کە، جەواد عەلیکوردی پێشتریش لە دۆسیەیەکی دیکەدا ڕووبەڕووی تۆمەتی سیاسی و ئەمنی ببووەوە کە بەشێک لەو سزایە بە شێوەی هەڵپەسێردراو مابووەوە، ناوبراو برای خەسرەو عەلیکوردیی پارێزەر و داکۆکیکاری ناسراوی مافی مرۆڤە کە لە سەرماوەزی ساڵی ڕابردوودا بە شێوازێکی تەواو گوماناوی گیانی لەدەست دا.
ئەو پارێزەرە لە ڕێکەوتی ٢١ی سەرماوەزی ١٤٠٤ی هەتاوی، لە کاتی ڕاپەڕاندنی کارەکانی لە شوێنی کارەکەی خۆی لە شاری مەشهەد لەلایەن هێزە ئەمنیی و سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و دوای ڕاگرتنی بۆ ماوەیەک لە گرتنگەی تاکەکەسی و ئەمنییەکان، بۆ بەندیخانەی وەکیلئاوای مەشهەد گوازرایەوە و تا ئێستاش لەوێ ڕاگیراوە.

Be the first to comment