خۆڕاگری: هاووڵاتییەکی دێلوڕان بەناوی “موجتەبا کاکایی” لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کراوە.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ۲۷ی جۆزەردانی ۱٤۰٥ی هەتاوی “۱۷ی ژووئەنی ۲۰۲٦ی زایینی” موجتەبا کاکایی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری دێلوڕان، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی و بە کارهێنانی کردەوەی توندوتیژی دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و چارەنووسی نادیارە.
هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێیم بە توندوتیژییەکی زۆرەوە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ناوبراو و لە کاتی دەسبەسەرکردنیدا، بە لێدان و سووکایەتیکردن، کەشێکی پڕ لە ترس و دڵەڕاوکێیان بۆ بنەماڵەکەی دروست کردووە و دەسبەسەریان کردووە و ڕفاندوویانە بۆ شوێنێکی نادیار و تا ئێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنکی ڕاگیران و چارەنووسی لەبەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدواداچوونی بنەماڵەکەشی بێئاکام ماوەتەوە.

Be the first to comment