خۆڕاگری: دەسەڵاتی قەزایی ڕێژیمی ئێران سزای لە سێدارەدانی سێ هاووڵاتی دەسبەسەرکراوی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ١٤٠٤ بە ناوەکانی “حەسەن دیوبەند، حەمید کازمی و ڕەزا زەنگەنەی جێبەجێ کرد.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” دەزگای دادوەریی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە ١٧ی خەزەڵوەر، جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی هەرکام لە حەسەن دیوبەند، حەمید کازمی و ڕەزا زەنگەنە، سێ لە تۆمەتبارانی دۆسییەی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤ی لە کەرەج ڕاگەیاند.
هەواڵدەریی «میزان»، سەر بە دەزگای دادوەریی ڕێژیم، ڕایگەیاند کە ئەم سێ کەسە بە تۆمەتی «بەشداریکردن لە کردەوەگەلێک لە بەرژەوەندیی ئەمریکا و ئیسرائیل» و هەڵگرتنی چەک، دروستکردن و تەقاندنەوەی کەرەستەی ئاگرین، تێکدانی شوێنە گشتییەکان و بڕینی کارەبای هەندێک لە ناوچەکانی کەرەج، سزای لەسێدارەدان و دەسبەسەرداگرتنی مڵک و ماڵیان بەسەردا سەپابوو.
