دەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران کچێکیان وەک بارمتە گرتووە بۆ ئەوەی خوشکەزایەکی خۆی ڕادەستیان بکات

خۆڕاگری: هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران کچێکی لاوی خەڵکی مەهاباد بە ناوی نگار پەرویزنیا دەسبەسەر کردووە و وەک گوشارێک بەکاری دەهێنن تا پوورەکەی خۆی ڕادەستی ناوەندە سەرکوتکەرەکان بکات.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ژووری هەوڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” نزیکەی دوو حەفتە لەمەوبەر، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران بە مەبەستی دەسبەسەرکردنی ژنێک بە ناوی «کازیوە پەرویزنیا» هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەیان کە تۆمەتبار کراوە بە «ناردنی ڤیدیۆی ناڕەزایەتییەکانی پێشووی شاری مەهاباد بۆ دەرەوەی وڵات و لەو کاتەدا کە کازیوە لە ماڵ نەبووە و خۆی شاردووەتەوە، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم نیگار پەرویزنیا (کچی برای کازیوە)ـیان دەسبەسەر کردووە.

سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە دوای ئەوەی هێزە سەرکوتکەرەکان بۆیان دەرکەوتووە ئەو کەسەی دەسبەسەریان کردووە کازیوە نییە، بە بنەماڵەکەیان ڕاگەیاندووە تا کاتێک کازیوە خۆی ڕادەست نەکات، نیگار لە گرتنگەدا دەمێنێتەوە و بۆ ڕزگارکردنی نیگار لەو دۆخە، کازیوە پەرویزنیا ناچار دەبێت خۆی ڕادەستی ناوەندە سەرکوتکەرەکان بکات.
جێی ئاماژەیە کە، کازیوە پەرویزنیا هێشتا لە شاری ورمێ دەسبەسەرە و پەروەندەی ناوبراو بەمدواییانەدا ڕەوانەی دادگای ڕێژیم لە مەهاباد کراوە، بەڵام تا ئێستا تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە هێشتا بڕیارێکی کۆتایی لەبارەیەوە نەدراوە و هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەردەستدا نییە.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*