ئاماری لەسێدارە دراوان، دەستبەسەر کراوان و حوکم دراوانی چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە مانگی پووشپەر و گەلاوێژی ١٤٠٥ی هەتاوی،(جولای ٢٠٢٦ زاینیی) بە پێی ئامارە تۆمارکراوەکانی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

خۆڕاگری:بە پێی ئامارە تۆمار کراوەکانی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە یەک مانگی ڕابردوو دا، واتە مانگی جولای ٢٠٢٦ی زاینیی٥٠ کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە تۆمەتی چالاکی مەدەنی، دژایەتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەسەر و ڕەوانەی گرتنگە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات کراون، کە بەشێکیان دوای تەواو بوونی لێکۆلینەوە بە بارمتەی قورس ئازاد کراون و بەشێکیان تا ئێستا لە ژێر لێکۆڵینەوە دان وچارەنووسیان ناڕوونە.

هەروەها بە پێی ئامارە تۆمارکراوەکانی ئەنجومەن لە مانگی پووشپەر و گەلاوێژی ١٤٠٥ی هەتاوی،جولای ٢٠٢٦ی زاینیی دا، ٣٥ کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە شارە جیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە پێشتر لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکان دەستبەسەر و لێکۆلینەوەیان لێکراوە،لەلایەن دادگای بە ناو شۆڕش و دادگای تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کەیسەکانیان یەک لایی کراوەتەوە و سزای سێدارە و بەندکران،دوورخستنەوە،پێبژاردن و قامچیان، بەسەر دا سەپێندراوە.

بە شێوەیەکی گشتی ئەو سەزا دراوانە لە سەر یەک بە ٦٣ ساڵ و ٦ مانگ و ڕۆژ١٦ بەند کردنی تەعزیری و ٥٧٣ ملیون تمەن پێبژاردن و١١ساڵ و ٥مانگ بەندکردنی هەڵپەسێردراو،٧ساڵ دوورخستنەوە و٦٦٦ قامچی مەحکووم کراون. هەروەها یەکێک لەو سزادراوانە بە ناوی مێهدی ڕوشەنی خەڵکی مەلەکشای لە دەسبەسەرکراوانی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو سزای سێدارەی بەسەر دا سەپێندراوە.

لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوو دا ڕێژیمی ئیسلامی ئێران سزای سێدارە ١٠ کەس لە بەندکراوانی سیاسی و ئاینیی جێبەجێ کردووە کە ناوەکانیان بریتین لە:محێدین عەبدووڵاهی،حوسێن پاڵانی دوو بەندکراوی ئاینیی کوردی خەڵکی قەسری شیرین و هەروەها عارف خۆشکار، محەممەدئەمین دێهقانی، عیرفان ئیسفەندیاری، گوڵ محەممەد محەممەدی، مێهدی خانی، ئەبلفەزل سپاهی بادجانی، ئەمیر حوسێن سەفەری، ئاروین خێرخاهان لە دەسبەسەرکراوانی نارەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی رابردوو ئێعدام کراون.

پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن کۆماری ئیسلامی بەردەوامە و ڕۆژبەڕۆژ لە زیاد بوون دایە.