دەسبەسەرکردن و ڕفاندنی سێ هاووڵاتی و گوشار بۆ سەر بنەماڵەی شەهیدان لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: سێ هاووڵاتی لە شارەکانی سەقز، بۆکان و مەهاباد لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر و ڕفێندراون و گوشارەکانیش بۆ سەر بنەماڵەی شەهیدانی هێرشەکەی سپای تێرۆریستی پاسداران زیاتر بووەتەوە.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری”، سەرەتای مانگی پووشپەڕی ١٤٠٥ی هەتاوی، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی، لاوێکی تەمەن ٢٣ ساڵان و وەرزشوانی خەڵکی شاری سەقز بەناوی “فەرەیدوون مستەفایی”ـيان دەسبەسەر کردووە و گواستوویانەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار  و بە تێپەڕبوونی زیاتر لە سێ هەفتە بەسەر ڕفاندنیدا، ناوبراو لە مافی پەیوەندیی تەلەفۆنی، چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کراوە و هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەردەستدا نییە.

هاوکات هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە شاری بۆکان، هاووڵاتییەک بەناوی ئەنوەر نیکی‌خوا، باوکی سیاوان نیکی‌خواه (یەکێک لە شەهیدانی هێرشی ئەم دوایییەی سپای تیڕۆریستی پاسدارانبۆ سەر بنکە و بارەگای حیزبە کوردستانییەکان)‌ـیان ڕفاندووە، سەرەڕای تێپەڕبوونی چوار ڕۆژ بەسەر ڕفاندنی‌دا هیچ زانیارییەک لەسەر بارودۆخی جەستەیی و شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لەبەردەستدا نییە و هەروەها  گوشارەکان بۆ سەر بنەماڵەی سێ شەهیدی دیکەی کوردستان لە بۆکان بە ناوەکانی ڕەزا سادقی، کەسرا ڕەحمان‌نژاد و زەکەریا فقێ حەسەن ئاغا بەردەوامە.

هەروەها ڕۆژی چوارشەممە ٣١ی پووشپەڕی ١٤٠٥ی هەتاوی، هاووڵاتییەک بەناوی “پەیمان مرادی”، خەڵکی شاری مهاباد، دوای ئەوەی لەلایەن ئیدارەی اطلاعاتی ڕێژیمی ئێرانەوە بانگ کراوە، هەر لەوێ دەسبەجێ دەسبەسەر کراوە و دەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم پێشتر بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی، دەستاین بەسەر کەلوپەلە تایبەتییەکانیدا گرتووە و بە بیانووی وەرگرتنەوەی مۆبایلەکەی بانگیان کردبوو، بەڵام دوای ئامادەبوونی لەو ناوەندەدا دەسبەسەر کراوە.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*