سەپاندنی سزای بەندکردن بەسەر سێ هاووڵاتیی کورددا لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە

خۆڕاگری: دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئێران، لە درێژەی گوشارەکانی بۆ سەر چالاکوانان و هاووڵاتییانی کورد، سزای بەندکردنی بەسەر سێ هاووڵاتی بە ناوەکانی “فەرهاد کەدخوداقادری، سەجاد حائیری و ئارمان ئیبراهیمی”ـدا سەپاند.

ڕۆژی هەینی، ٢ی گەلاوێژی ١٤٠٥ی هەتاوی “٢٤ی جولای ٢٠٢٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: فەرهاد کەدخوداقادری، خەڵکی گوندی «سەرچنار»ـی سەر بە شاری مەهاباد، لەلایەن لقی ۱۰۳ی دادگای تاوانەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لەو شارە، بە تۆمەتی پڕوپاگەندە بەدژی نیزامی ڕێژیم، سزای دوو ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە و لە لایەکی دیکەوە، سزای دوو ساڵ و شەش مانگ بەندکردن بەسەر سەجاد حائیری، نووسەر، دەرهێنەر و مامۆستای زمانی کوردیی خەڵکی ئیلام، لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای تارانەوە بێ گۆڕانکاری پشتڕاست کرایەوە.

سەجاد حائیری پێشتر لەلایەن دادگای ئینقلابی دەماوەندەوە بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی نیزام و تێکدانی بیروڕای گشتی، سزا درابوو، کە هاوکات لەگەڵ بەندکردن، سزای تەواوکاریی دوو ساڵ قەدەغەکردنی چالاکیی مەدەنی و بەکارهێنانی سۆشیاڵ میدیاشی بەسەردا سەپێندراوە و لە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵدا لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە دەسبەسەر و دواتر بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

هاوکات لە شاری شنۆ، ئارمان ئیبراهیمی بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای یەک ساڵ بەندکردنی تەعزیری، بانگ کراوە بۆ لقی جێبەجێکردنی سزاکانی دادسەرای گشتی و ئینقلابی ڕێژیم لەو شارە و بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ کراوە کە پێشتر لە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵدا دەسبەسەر کرابوو هەروەها بە تۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیم، لەلایەن دادگای ئینقلابی کۆماری ئیسلامییەوە سزای بەندکردنی بەسەردا سەپێندرابوو، کە دواتر لە دادگای پێداچوونەوەی ڕێژیم لە ورمێ وەک خۆی پەسەند کرا.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*