خەڵکی خەباتکار و نیشتمانپەروەری کوردستان!
بەندکراوانی سیاسیی خۆڕاگر!
بنەماڵەی سەربەرز و خۆڕاگری بەندکراوانی سیاسی!
١٢ی جۆزەردان، لە مێژووی خەباتی ئازادیخوازیی گەلەکەماندا، وێستگەیەکی پڕ لە ئازار و هاوکات پڕ لە شکۆیە، ئەم ڕۆژە وەبیرهێنەرەوەی یەکێک لە دڕەندانەترین تاوانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، واتە لەسێدارەدانی ٥٩ لاوی شاری مەهابادە کە بووەتە هێمایەکی هەمیشەیی بۆ خەبات و بەرخودانی بەندکراوانی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
لە ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی (١٩٨٣ی زایینی)، کاتێک شەپۆلی سەرکوت و ئێعدام و دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی تەنیبوو، شاری مەهاباد بوو بە گۆڕەپانی یەکێک لە دڵتەزێنترین تاوانەکانی دەسەڵاتی خۆسەپێنی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە ڕووداوێکی بەرنامە بۆ داڕێژراو و تراژیدیدا، ٥٩ لاوی تێکۆشەری ئەم شارە کە بەشێک لەو لاوانە قوتابی بوون و تەمەنیان خوار هەژدە سال بوو بە بێ دادگاییکردنێکی دادپەروەرانە و دوور لە هەموو ڕێسا و یاسایەکی مافی مرۆڤی،تەنیا بە تاوانی کوردبوون لە شاری تەورێز لە سێدارە دران،کە تا ئێستاش گۆڕەکانیان و شوێنی بەخاکسپاردنیان بە نادیاری ماوەتەوە، ئەم کارەساتە برینێکی سارێژنەبوو لە جەستەی گەلێک بوو کە تەنیا داوای ئازادی و مافی ڕەوای خۆی دەکرد.
کۆماری ئیسلامیی ئێران بە درێژایی تەمەنی پڕ لە سەرکوتی خۆیدا، بە بەکارهێنانی توندوتیژترین ئامرازەکان و بە لەسێدارەدانی هەزاران ڕۆڵەی ئازادیخوازی کورد و گەلانی دیکەی ئێران، ویستی کڵپەی خەباتی ئازادیخوازانەی گەلانی ئێران کپ بکات، بەڵام وەک دەبینرێت تامەزرۆیی گەلانی ئێران بۆ گەیشتن بە ئازادی و مافە نەتەوەییەکانی خۆیان بە دژایەتیكردنی سیستمی کۆماری ئیسلامی و هاتنەسەرشەقام و قوربانیدان و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەو ڕێژیمە جینایەتکارە لە لووتکەی خۆیدایە.
لە ئێستادا ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دوای تێپەرینی زیاتر لە ٤٨ ساڵ بەسەر مێژووی پڕ لە کارەسات و کوشتار و ئەشکەنجە و ئێعدام، بەهۆی شکستە سیاسی، سەربازی و ئابوورییەکانیانەوە لە ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا کەوتوتە تەنگەژەیکی قووڵەوە، هەر بۆیە بۆ دەرچوون لەم قەیرانانە، پەنایان بۆ سەرکوتێکی بێوێنە بردووە.
بە تایبەت لە دوای سەرهەڵدانی بزووتنەوەی ژینا «ژن، ژیان، ئازادی» لە هەمانکاتدا خۆپێشاندان و هاتنەسەرشەقامی گەلانی وەزاڵەهاتووی جوغرافییای ئێران لە مانگی بەفرانباری١٤٠٤ی هەتاوی، “٢٠٢٥ی زاینیی”، بە توندترین شێوە وەڵامی ناڕەزایەتییەکان درایەوە کە لە ماوەی دوو ڕۆژدا بە پێی ئامارەکانی ناوەندەکانی مافی مرۆڤی زیاتر لە ٣٠هەزار کەس لە شارە جیاکانی ئێران و کوردستان بەتەقەی ڕاستەوخۆیی هێزە دژیگەلییەکانی کۆماری ئیسلامی کوژران و بە هەزاران کەسیش دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەکان کران.
لە ئێستادا و دوای شەری ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، دەزگای دادوەریی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، بە مەبەستی ترساندنی کۆمەڵگە، دەستی کردووە بە لەسێدارەدانی بەندکراوانی سیاسی و چالاکوانانی مەدەنی، کە ئەو کردەوە دژی ئینسانییە پیشاندەری ئەو ڕاستییەن کە ئەم ڕێژیمە هیچ سنوورێکی بۆ پێشێلکاری یاساکانی مافی مرۆڤ نەهێشتووەتەوە.
ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بۆ بەرزڕاگرتنی یادی ئەو قوربانییانە و خاوەندارێتی لە ڕێبازی زیندانییانی سیاسی، ١٢ی جۆزەردانی وەک “ڕۆژی زیندانی سیاسی” لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستنیشان کردووە.
یەکەم، بۆ زیندووڕاگرتنی یادەوەریی مێژوویی، بە ئامانجی ئەوەیکە ئەو ڕووداوە پڕ لە ئازارە لە بیر نەچێتەوە و نەوەکانی داهاتوو بزانن کە بەهای ئازادی لەم نیشتمانەدا بە چ خوێنێکی گەش و چ ڕەنجێکی گەورە بەدەست هاتووە.
دووهەم، بەرزڕاگرتنی ئەم ڕۆژە، بە واتای پشتیوانییەکی مەعنەوییە لەو تێکۆشەرانەی کە لە ئێستادا لە بەندیخانەکانی ڕێژیمی ئێراندا بەهۆی بیروباوەڕی سیاسییانەوە لەژێر گوشار و ئەشکەنجەدان، بۆیە پێویستە هەموومان پشتیوانی بەندکراوانی سیاسی و بنەماڵە بەڕێزەکانیان بین.
سێهەم، ئەم ڕۆژە دەرفەتێکە بۆ ئەوەی ڕای گشتیی جیهان و ناوەندەکانی مافی مرۆڤ لە ستەمی بەردەوام و سەرکوتی ئازادیخوازان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران زیاتر ئاگادار بکرێتەوە کە هەموو ئەو کۆمەڵکوژی و جینایەتانەی ڕێژیمی ئێران، یەکێک لەوان لە سێدارەدانی ٥٩ لاوی شاری مەهاباد، نیشانەی ئاشکرای ترسی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانە لە بیروهزری ئازادیخوازانەی گەلانی ئێران.
ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە کاتێکدا سەری ڕێز و نەوازش بۆ ئەو گیانبەختکردووانە دادەنەوێنێت کە گیانی خۆیان لە پێناو ئازادیدا کردە قوربانی، بە پێویستی دەزانێت دەنگی ناڕەزایەتیی خۆی بەرز بکاتەوە، کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ناوەند و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ چیتر بەرانبەر بەم ئێعدام و پێشێلکارییە بەردەوامانە بێدەنگ نەبن، بێدەنگیی ناوەندە جیهانییەکان، متمانە بەو دەسەڵاتە دیکتاتۆرە دەبەخشێت بۆ ئەوەی بێ باکانەتر درێژە بە سیاسەتی لەسێدارەدان بدات، داواکارین نرخی ئەم تاوانانە بۆ کۆماری ئیسلامی بگەیەنرێتە ئاستێک کە تێچووی سیاسی و دیپلۆماسیی لەسێدارەدان بۆ ئەو ڕێژیمە زۆر قورس بێت.
بەندکراوانی سیاسی لە کوردستان، ڕەمزی زیندووی بەرخۆدان و سیمبولی ئەو ئیرادەیەن کە لە تەناف و زنجیر باکیان نییە و دیوارە بەرزەکانی بەندیخانە نایانچەمێنیتەوە و خەباتی ئێمە بۆ وەدیهێنانی ئازادی و دادپەروەری بەردەوام دەبێت و سێدارەکان ناتوانن ئیرادەی گەلێک بشکێنن کە بڕیاری داوە بە سەربەستی بژی.
لە کۆتاییدا ماوەتەوە بڵێین کە ڕۆژی دوازدەی جۆزەردان، تەنیا یادکردنەوەی تاوانێک نییە، بەڵکوو پەیماننوێکردنەوەیە بۆ بەردەوامبوون لە خەبات و تێکۆشان بۆ گەیشتن بە ئازادی و مافە نەتەوەییەکانمان.
سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگەی ئازادی
سڵاو لە بەرخودانی بەندکراوانی سیاسی لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی
بەرز و بەڕێز بێت ١٢ی جۆزەردان، ڕۆژی بەندکراوانی سیاسیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان
ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
١٢ی جۆزەردان ١٤٠٥ی هەتاوی ٢ی ژووئەنی٢٠٢٦ی زاینیی.

Be the first to comment