سەپاندنی سزای بەندکردن بەسەر دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی بجنوورد لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: دوو هاووڵاتیی کوردی کورمانجی خەڵکی بجنوورد بە ناوەکانی ئەبولفەزل ئەسکەندەریان و سامان ئەسکەندەریان، کە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو دەسبەسەر کرابوون، لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمەوە، سزای بەندکردن، لێدانی قامچی و پێبژاردنی پارەیان بەسەردا سەپێنرا.
بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” لە سەرەتای مانگی پووشپەڕی ئەمساڵدا، ئەو سزایانە بە شێوەی زارەکی بەو دوو ئامۆزایە ڕاگەیەندراون و ئەبولفەزل ئەسکەندەریانی تەمەن ٢٣ ساڵ و سامان ئەسکەندەریانی تەمەن ١٩ ساڵ، لە دوو دۆسیەی جیاوازدا لەلایەن دادگاکانی ئینقلاب و سزاکانی ڕێژیمی ئێران لە شاری بجنوورد، هەر کامەیان بە دوو ساڵ و یەک ڕۆژ بەندکردنی تەعزیری، ٧٤ لێدانی قامچی و ٢٢ ملیۆن تمەن سزای دارایی سزا دراون.
دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە بجنوورد بە سەرۆکایەتیی قازی «ئیزانلوو»، ئەم دوو هاووڵاتییەی بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی نیزام و کۆبوونەوە و پیلانگێڕی دژی ئاسایشی گشتی بە دوو ساڵ و یەک ڕۆژ بەندکردن مەحکووم کردووە و هەروەها لە دۆسیەیەکی دیکەدا کە لەلایەن دادگای سزاکانی ڕێژیمەوە کراوەتەوە، ناوبراوان بە تۆمەتی تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی و سەرپێچی لە فەرمانی ئەفسەران لە کاتی ئەنجامدانی ئەرکدا، سزای ٧٤ لێدانی قامچی و پێبژاردنی ٢٢ ملیۆن تمەن پارەیان بەسەردا سەپێنراوە.
جێگای ئاماژەیە کە، ئەبولفەزل و سامان ئەسکەندەریان لە کاتی ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوودا دەسبەسەر کرابوون و ماوەیەک لە گرتنگەی ناوەندە سەرکوتکرەرەکانی ڕێژیمدا ڕاگیرابوون.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*