خۆڕاگری: دەزگای قەزایی و ڕێژیمی ئێران، سزای لەسێدارەدانی بەسەر «مێهدی ڕۆشەنی»، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی شارۆچکەی مەلەکشای سەپاندووە.
ڕۆژی سێشەممە، ۱۳ی گەلاوێژی ۱٤۰٥ی هەتاوی “٤ی ئاگۆستی ۲۰۲٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: مێهدی ڕۆشەنی، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی شارۆچکەی مەلەکشای سەربە پارێزگای ئیلام، لە مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوودا لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کرا و پاش گواستنەوەی بۆ یەکێک لە گرتنگە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم، بۆ ماوەیەکی درێژخایەن لەژێر گوشار و ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەییدا بووە بۆ ئەوەی بە زۆر دان بە تاوانێکدا بنێت کە ئەنجامی نەداوە.
سەرچاوە ئاگادارەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەم بەندکراوە سیاسییە پاش تێپەڕینی چەندین مانگ لە دەسبەسەربوون و بێبەشبوون لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، لەلایەن دادگاکانی کۆماری ئیسلامییەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە و هەروەها تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئێران هیچ زانیارییەکی لەبارەی وردەکاریی تۆمەتەکان، ئەو لقەی دادگا کە بڕیارەکەی دەرکردووە، یان وردەکاریی ڕەوتی دۆسییەکە بڵاو نەکردووەتەوە و ئەم بێدەنگییەی دەسەڵات لەکاتێکدایە کە کەسوکاری ناوبراو بەهۆی گوشارە ئەمنییەکانەوە لە دۆخێکی دەروونیی نالەباردا دەژین و بەردەوام نیگەرانیی چارەنووسی کوڕەکەیانن.

Be the first to comment