خۆڕاگری: پاش زیاتر لە شەش مانگ بێسەروشوێنبوون و بەدواداچوونی بەردەوام، ناسنامەی تەرمی سروش کەرەمی، لاوی تەمەن ١٨ ساڵانی خەڵکی سونقوڕ و کولیایی، کە لە کاتی سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانباری کرماشان بە گولـلەی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم گیانی لەدەست دابوو، پشتڕاست کرایەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست ماڵپەڕی خۆڕاگری کەوتوون، تەرمی سرووش کەرەمی، لاوی تەمەن ۱٨ساڵانی خەڵکی شاری کرماشان، بەهۆی کەمتەرخەمی و سەرپێچی لە ڕێکارەکانی ناسینەوە و ڕادەستکردنەوە، بە هەڵە بە بنەماڵەی ئەمیرعەلی حەیدەری دراوە و لە گوندی «سەرابڵە» بە ناوی ئەوەوە بە خاک سپێردراوە و پاش شەش مانگ و نۆزدە ڕۆژ ، لە ئاکامی هەڵدانەوەی گۆڕەکە بە ئامادەبوونی کەسوکاری هەردوو بنەماڵە، ناسنامەی سرووش کەرەمی یەکلا کرایەوە و دەرکەوت کە ئەوە تەرمی سرووشە.
دەرکەوتووە کە تەرمی ئەمیرعەلی حەیدەریش لەو ماوەیەدا، بەبێ تۆمارکردنی ناسنامەی ڕاستەقینە و لە گۆڕێکی بێناودا نێژراوە و ئەو ڕووداوە کە ئاڵوگۆڕکردنی تەرمی قوربانییان و شاردنەوەی ڕاستییەکانی لێکەوتووەتەوە و لەلایەن ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە وەک پێشێلکارییەکی زەق بەرانبەر بە «مافی زانینی ڕاستییەکان» و ڕێزگرتن لە شکۆی کۆچکردووان لێک دەدرێتەوە.
شایانی باسە کە، دامەزراوە سەرکوتکەکانی ڕێژیمی ئێران لەو ماوەیەدا گوشارێکی زۆریان بۆ سەر بنەماڵەی کەرەمی هێناوە بۆ ئەوەی وەک مەئموورێکی حکوومی کە لە خۆپیشاندانەکاندا کوژراوە بناسێنن و ئەم هەوڵە بۆ شێواندنی ناسنامە و گێڕانەوەی ڕووداوەکە، گومانی جیددی لەسەر «کوشتنی دەوڵەتی» و هەوڵدان بۆ سڕینەوەی بەڵگەکان زیاتر کردووە.

Be the first to comment