شەپۆلی نوێی دەسبەسەرکردن و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

خۆڕاگری: لە درێژەی ڕەوشی نالەباری مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە بەرنامەیەکی تایبەتی زاگرۆس ۲٤، نوێنەری ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکان تیشکی خستە سەر شەپۆلی نوێی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتیان و ئەو ئاستەنگانەی کە لە بەردەم دادپەروەری و مافی پارێزەریدا هەن.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٢ی گەڵاوێژی ١٤٠٥ی هەتاوی “١٣ی ئاگۆستی ٢٠٢٦ی زایینی” لە وتووێژێکی تایبەتی تەلەڤیزیۆنی زاگرۆس ۲٤دا، سۆهراب ڕەحمەتی، پارێزەر و نوێنەری ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دەرەوەی وڵات، ڕەخنەی توندی لە شێوازی مامەڵەی دەزگا سەرکوتکەر و سیستمی قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێران گرت و سەبارەت بە بێبەشکردنی دەسبەسەرکراوان لە مافی پارێزەری دڵخواز، ئاماژەی بەوە کرد کە لە سیستمی قەزایی ئێراندا، بەربەستی ئاشکرا و بەربڵاو بۆ پارێزەرانی سەربەخۆ دروست دەکرێت و لە قۆناغە هەستیارەکانی لێکۆڵینەوەدا، ڕێگە بە پارێزەران نادرێت ئاگاداری دۆسیەکان بن یان بەرگری لە بابەتەکان بکەن و دادگاکانی ئینقلابی ڕێژیم لە زۆربەی حاڵەتەکاندا هاووڵاتییان ناچار دەکەن تەنها لەو لیستە دیاریکراوەی کە دەزگا سەرکوتکەرەکان پەسەندیان کردووە، پارێزەر هەڵبژێرن.
ناوبراو لە درێژەی وتووێژەکەیدا باسی لەوەش کرد کە، زۆربەی دەسبەسەرکردنەکان لەلایەن ڕێژیمەوە بەبێ بەڵگەی یاسایی و قەزایی ئەنجام دەدرێن و دەزگا سەرکوتکەرەکان بۆ سەرکوتکردنی دەنگی ناڕازی، تۆمەتی جۆراوجۆر دەخەنە پاڵ هاووڵاتییان و هەروەها جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە شێوازی دانپێدانانی زۆرەملێ بووەتە ئامرازێکی سەرەکی بۆ سزادانی دەسبەسەرکراوان و دادگاکانی ئینقلابی ڕێژیم بێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی باوەڕپێکراو، تەنها لەسەر بنەمای ئەو دانپێدانانانە سزای قورس بەسەر دەسبەسەرکراواندا دەسەپێنن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەردەوام هۆشداری لەسەر دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران دەدات.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*