خۆڕاگری: ئەشکان مالکی و مێهرداد محەممەدینیا، دوو بەندکراوی سیاسیی خەڵکی قوروە، لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامییەوە لە بەندیخانەی قزڵحەساری کەرەج لەسیدارە دران.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” بەرەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە، ١١ی جۆزەردانی ١٤٠٥ی هەتاوی “١ی ژووئەنی ٢٠٢٦ی زایینی” ئەشکان مالکی و مێهرداد محەممەدینیا، دوو بەندکراوی سیاسیی خەڵکی قوروە، دوو بەندکراوی سیاسیی خەڵكی شاری قوروە و لە دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، کە پێشتر بە تۆمەتی محاربە، سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی قزڵحەساری کەرەج لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بەشێوەی نهێنی لە سێدارە دران.
جێبەجێکردنی ئەم سزایە بە شێوەیەکی نهێنی بووە و بنەماڵەی ئەو دوو بەندکراوە لە مافی دواهەمین چاوپێکەوتن لەگەڵ ڕۆڵەکانیان بێبەش کراون و هەروەها پێشتر لەلایەن لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی قازی «ئەبولقاسم سەڵەواتی» بە تۆمەتی «محاربە» سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرابوو و دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی ناوبراوانی بە تێکدان و ئاگردانی چەند ناوەندێکی ئایینی و تێکدانی موڵکی گشتی لە تاران تۆمەتبار کردبوو.
جێی ئاماژەیە کە ئەم دوو بەندکراوە لە ماوەی دەسبەسەربوونیاندا لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کرابوون و دەرکردنی ئەو سزایە لەسەر بنەمای دانپێدانانی زۆرەملێ و لەژێر ئەشکەنجەی دەزگا دەزگای سەرکوتکەرەکاندا بووە و لە ئێستادا نیگەرانییەکی زۆر لەسەر چارەنووسی ئارمان مەعریفەتی، هاودۆسیەی ئەم دوو بەندکراوە هەیە و مەترسیی جێبەجێکردنی سزای سێدارە لەسەر ناوبراویش بەردەوامە.

Be the first to comment