خۆڕاگری: ئەمیرمحەممەد هاجری، لاوی تەمەن ٢٤ ساڵەی کوردی کورمانجی خەڵکی ئاشخانە، لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمەوە ئاگادار کراوەتەوە کە دەبێت حەفتەی داهاتوو بۆ جێبەجێکردنی سزای سێ ساڵ و شەش مانگ و ڕۆژێک بەندکردن، خۆی بە بەندیخانە بناسێنێت.
ڕۆژی دووشەممە، ۱۲گەلاوێژی ۱٤۰٥ی هەتاوی “۳ی ئاگۆستی ۲۰۲٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومانی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: ئەمیرمحەممەد هاجری، هاووڵاتیی تەمەن ۲۴ساڵانی خەڵکی شاری ئاشخانەی سەربە پارێزگای خۆراسانی باکوور، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوودا، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوو و دوای تێپەڕبوونی ماوەیەک، دۆسیەکەی لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە شاری بجنووردەوە تاوتوێ کراوە و لە کۆتاییدا سزای سێ ساڵ و شەش مانگ و ڕۆژێک بەندکردنی تەعزیری بەسەردا سەپێنراوە.
سەرچاوە ئاگادارەکان باس لەوە دەکەن کە ناوبراو بە بڕیاری دادگا بانگ کراوە و دەبێت سەرەتای حەفتەی داهاتوو بۆ تێپەڕاندنی سزاکەی ڕەوانەی بەندیخانە بکرێت و هەروەها هاجری یەکێکە لە کەسانەیە لەو ناوچە، لە کاتی دەسبەسەرکردنییەوە تا ئێستا بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو، بەڵام بەم بڕیارە نوێیەی دادگا، دەبێت سزاکەی دەست پێ بکات.

Be the first to comment