خۆڕاگری: بنیامین وحیدی، مێردمنداڵی ١٧ ساڵانی خەڵکی بجنوورد، سەرەتای مانگی گەلاوێژ بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکردن دەسبەسەر کرا و پێشتر لە پەیوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ساڵێ ڕابردوو، بە شێوەی غیابی سزای دوو ساڵ بەندکردن و پێبژاردنی سەد ملیۆن تمەن سزای دارایی بەسەردا سەپێندرابوو.
ڕۆژی یەکشەممە، ١١ی گەلاوێژی ۱٤۰٥ی هەتاوی “٢ی ئاگۆست ۲۰۲٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: سەرەتای مانگی گەلاوێژ، ژمارەیەک لە هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران دەوروبەری کاتژمێر ٩ی شەو هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی بنەماڵەی بنیامین وحیدی، مێردمنداڵی تەمەن ١٧ ساڵانی خەڵکی بجنوورد و بە لێدان و توندوتیژییەوە دەسبەسەریان کردووە و پاش دەسبەسەرکردن سەرەتا بۆ گرتنگەیەکی ڕێژیم لە بجنوورد گوازراوەتەوە و دواتر تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر شوێنی ڕاگیرانی لەبەردەستدا نییە.
دەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بە بنەماڵەی ئەم مێردمنداڵە ڕاگەیەندراوە کە ناوبراو تا کاتی پێدانی سزای دارایی، لە مافی پەیوەندیی تەلەفوونی و چاوپێکەوتن بێبەش دەبێت و هەروەها پێشتر لە پەیوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی، لەلایەن یەکێک لە ناوەندە قەزاییەکانی ڕێژیم لە بجنووردەوە بە تۆمەتگەلێکی وەکوو تێکدانی ئاسایشی گشتی، تێکدانی ماڵی گشتی و شەڕ و پێکدادان لەگەڵ هێزە سەرکوتکەرەکان، سزای دوو ساڵ بەندکردنی تەعزیری و پێبژاردنی سەد ملیۆن تمەن سزای دارایی بەسەردا سەپێندرابوو.

Be the first to comment