خۆڕاگری: دوو هاوڵاتیی خەڵکی شارەکانی مەهاباد و بانە، بەناوەکانی ئەنوەر مەولوودی و هوشیار شەعبانی، دوای تێپەڕاندنی چەند مانگ ڕاگیران و لێکۆڵینەوە، بە دانانی بارمتەی قورس و بەشێوەی کاتی لە بەندیخانە ئازاد کران.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ۲۳ی پووشپەڕی ۱٤۰٥ی هەتاوی “۱٤ی جولای ۲۰۲٦ی زایینی” ئەنوەر مەولوودی، هاوڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی مەهاباد، دوای لێکۆڵینەوە و دروستکردنی دۆسیەی قەزایی بۆی، بەشێوەی کاتی و بەدانانی بارمتەی قورس بە بڕی ۱٥ملیارد تمەن لە ڕێکەوتی۲۲ی مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ لە بەندیخانەی ناوەندیی مەهاباد ئازاد ئەمساڵ کراوە.
له لایەکی دیکەوە و هەر لە هەمان ڕۆژدا (٢٢ی پووشپەڕ)، هوشیار شەعبانی، چالاکوانی دەسبەسەرکراوی خەڵکی شاری بانە، دوای تەواوبوونی قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە و سەپاندنی تۆمەتەکەی، بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی ناوەندیی سەقز ئازاد کرا و ئازادکردنی ئەم هاوڵاتییەش بە دانانی بارمتەی ٣ ملیارد و ٥٠٠ ملیۆن تمەنی جێبەجێ کراوە.
ناوبراو لە ٢٠ی بەفرانباری ١٤٠٤دا لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە لە ماڵەکەی خۆیدا دەسبەسەر کرابوو و سەرەتا بۆ گرتنگەی ناوەندیی یەکێک لە دەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لەسنە و دواتر بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گوازرابووەوە.

Be the first to comment