خۆڕاگری: لە درێژەی سیاسەتی سەرکوتکاریی ڕێژیمی ئێران دژی چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، نیگەرانییەکان لەبارەی ئەگەری دووبارە سەپاندنەوەی سزای سێدارە بەسەر پێنج بەندکراوی سیاسیی خەڵکی شاری بۆکاندا زیادی کردووە.
ڕۆژی سێشەممە، ۱٦ی پووشپەڕی ۱٤۰٥ی هەتاوی “۷ی جولای ۲۰۲٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: ئەو پێنج بەندکراوە سیاسییەی حەڵکی بۆکان بریتییە لە؛ ڕزگار بەگزادەبابامیری، پژمان سوڵتانی، «سۆران (عەلی) قاسمی، کاوە ساڵحی و تەیفور سەلیمیبابامیری، ماوەی زیاتر لە ٣٧ مانگە لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ لە بەند کراون، ئەوان لە کاتی شۆڕشی ژینادا، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کرابوون.
ناوبراوان پێشتر لە لایەن لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە ورمێ بە تۆمەتی بەغی و موحارەبە، سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرابوو و هەروەها هەر کامیان بە تۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیم، سزای ١٥ ساڵ بەندکراویان بەسەردا سەپێندرا.
هەرچەندە دیوانی باڵای کۆماری ئیسلامی، لە مانگی خەرمانانی ١٤٠٣ی هەتاوی سزای لەسێدارەدانی ئەم پێنج کەسەی هەڵوەشاندەوە و دۆسیەکەیانی بۆ پێداچوونەوەی دادپەروەرانە ڕەوانەی دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە مەهاباد کرد، بەڵام لە ئێستادا گوشارەکان چڕ بوونەتەوە و مەترسیی ئەوە هەیە کە دادگای ڕێژیم لە مەهاباد بە گوشاری ناوەندە سەرکوتکەرەکان، جارێکی دیکە سزای لەسێدارەدان بەسەر ئەو بەندکراوانەدا بسەپێنێتەوە.

Be the first to comment