هونەرمەندێکی خەڵکی سەردەشت جارێکی دیکە دەسبەسەر کرایەوە

خۆڕاگری: شۆڕش ئەبوبەکری، ناسراو بە «شۆڕەسوار»، هونەرمەند و گۆرانیبێژی خەڵکی سەردەشت، بۆ جارێکی دیکە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە، لە ماڵی خۆیدا دەسبەسەر کرا.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە ٢ی سەرماوەزی ١٤٠٥ی هەتاوی (٢٣ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٦ی زایینی)، هێزە داگیرکەرەکانی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بە هەڵکوتانە سەر ماڵی شۆڕش ئەبوبەکری، هونەرمەندی گۆرانیبێژی ناسراوی خەڵکی شاری شاری سەردەشت، بەشێوەیەکی دڕەندانە و بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی دەسبەسەریان کردووە و گواستوویانەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
ناوبراو پێشتر بەهۆی چالاکییە هونەرییەکان و هەڵوێستەکانییەوە، ڕووبەڕووی دەسبەسەرکردن و گوشاری دامەزراوە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ببووەوە و پێشتر ڕۆژی ١٩ی ڕەزبەری ١٤٠٥ی هەتاوی، دوای بانگکردنی بۆ دادسرای گشتی و ئینقلابی ڕێژیم لە سەردەشت هەر لەوێ دەسبەسەر کرابوو.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد لەبارەی هۆکارەکانی دووبارە دەسبەسەرکردنەوەی شۆڕەسوار، تۆمەتە سەپێنراوەکان و شوێنی ڕاگیرانی لەبەردەستدا نییە.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*