سەپاندنی سزای بەندکردن بەسەر هاووڵاتییەکی خەڵکی بانە لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: هێمن خورشیدی، هاووڵاتیی خەڵکی بانە کە پاییزی ساڵی ڕابردوو بۆ ماوەی ٩ ڕۆژ دەسبەسەر کرابوو، لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە، سزای ٢ ساڵ و ٣ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.
ڕۆژی سێشەممە، ۳ی سەرماوەزی ۱٤۰٥ی هەتاوی “۲٤ی نۆڤەمبەری ۲۰۲٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: هێمن خورشیدی، تەمەن ٣٠ ساڵانی خەڵکی شاری بانە، لەلایەن دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ڕێژیمەوە بە تۆمەتی کۆبوونەوە و پیلانگێڕی بۆ ئەنجامدانی تاوان دژی ئاسایشی ناوخۆیی و دەرەکی، سزای ٢ ساڵ بەندکردن و بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی حکوومەت، سزای ٣ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە.
ئەم سزایە ڕۆژی یەکشەممە ٤ی ڕەزبەری ۱٤۰٥ی هەتاوی (٢٦ی سێپتەمبەری ٢٠٢٦) بەم هاووڵاتییە کوردە ڕاگەیەندراوە و بەپێی یاساکانی کۆکردنەوەی سزاکان، قورسترین سزا واتە ٢ ساڵ بەندکردنی بەرانبەر جێبەجێ دەکرێت و هەروەها پێشتر لە ڕۆژی دووشەممە ٢٦ی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو(١٧ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٥)، لە شوێنی کارەکەی خۆی بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەک لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و ماوەیەک بێسەروشوێن بوو.
جێی ئاماژەیە کە، ناوبراو دوای ٩ ڕۆژ دەسبەسەربوون لە ژوورە ئەمنییەکاندا و بێبەشبوونی، لە مافی پەیوەندی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، دواتر بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*