خۆڕاگری: سۆران یاری، هاووڵاتیی خەڵکی جۆانڕۆ لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بریندار کرا و پاشان دەسبەسەر کراوە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ژووری هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە، ١٥ی خەرمانانی ۱٤۰٥ی هەتاوی “٦ی سێپتامبری ۲۰۲٦ی زایینی” سۆران یاری، لاوی تەمەن ۱۹ساڵانی خەڵکی شاری جوانڕۆ، لە کاتی هەڵکوتانی هێزە داگیرکەرەکانی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر ماڵەکەیان، کەوتە بەر شاڵاوی دەسبەسەرکردن و بەهۆی ڕووداوێکی نەخوازراوەوە بە سەختی بریندار بوو و سەرەڕای ئەوەش دەسبەسەر کراوە و چارەنووسی نادیارە.
هێزە داگیرکەرەکانی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسداران، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەک دەوری ماڵی ناوبراویان گرتووە و هەوڵی دەسبەسەرکردنیان داوە و ئەویش لە ترسی دەسبەسەرکردن و لە دۆخێکی نائاساییدا، ناچار بووە خۆی لە سەربانی ماڵەکەیانەوە هەڵبداتە خوارەوە و بەو هۆیەوه لاقی بە سەختی شکاوە و هەروەها سەرەڕای ئەوەی ناوبراو لە دۆخێکی تەندروستیی نالەباردا بووە و تووشی شکانی ئێسک بووە، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم دەسبەجێ دەسبەسەریان کردووە و گواستوویانەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و تا ئێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی لەبەردەستدا نییە.

Be the first to comment