خۆڕاگری: خەبات فیدایی، هونەرمەندی ناسراوی خەڵکی مەریوان، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ١٦ی خەرمانانی ۱٤۰٥ی هەتاوی “۷ی سێپتامبری ۲۰۲٦ی زایینی” هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری مەریوان، هونەرمەندی ناسراو و خاوەن هەڵوێست، “خەبات فیدایی” خەڵکی گوندی “بۆڕیەر”ـی سەربە ناوچەی ژاوەرۆی مەریوانیان، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەک دەسبەسەر کردووە و گواستوویانەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و تائێستا چارەنووسی نادیارە.
ناوبراو بەوە ناسراوە کە لە ساڵانی ڕابردوودا بەشدارییەکی کارای لە بۆنە نەتەوەییەکان، بەتایبەت جەژنی نەورۆزدا هەبووە، ئەو هونەرمەندە بە هۆی خوێندنی سروودە نیشتمانی و شۆڕشگێڕییەکان و هەڵوێستە کۆمەڵایەتییەکانی، چەندین جار لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێرانەوە بانگ کراوە و لێپرسینەوەی لەگەڵ کراوە و پێشینەی دەسبەسەرکردنی لە گرتنگەکانی ڕێژیمدا هەیە.
شایانی باسە، ناوبراو خاوەنی چەندین بەرهەمی هونەریی کاریگەرە، لەوانە سروودی بەناوبانگی “شاهەڵۆ” کە لەنێو کۆمەڵگەی کوردی و جەماوەری نیشتمانپەروەردا پێشوازییەکی زۆری لێ کراوە.

Be the first to comment