سزایەکی لەسێدارەدانی بەندکراوێکی سیاسیی کورد گۆڕدرا و مەترسیی لەسەر ژیانیبەردەوامە

خۆڕاگری: سزای لەسێدارەدانی یوسف ئەحمەدی، بەندکراوی سیاسیی کورد کە شەش ساڵە لە بەندینخانەدایە، لە یەکێک لە دۆسیەکانیدا کەم کراوەتەوە، بەڵام سزایەکی دیکەی لەسێدارەدان هێشتا وەک مەترسییەکی جیددی لەسەر ژیانی ماوەتەوە.
ڕۆژی چوارشەممە، ۱٨ی خەرمانانی ۱٤۰٥ی هەتاوی، “۹ی سێپتامبری ۲۰۲٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند: یوسف ئەحمەدی، بەندکراوی سیاسیی کورد کە ماوەی سێ ساڵە ڕووبەڕووی دوو سزای لەسێدارەدان لە دوو دۆسیەی جیاوازی دادگای تاوان و دادگای ئینقلابی ڕێژیمی ئێران پارێزگای سنە بووەتەوە، لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا یەکێک لە سزاکانی کە لە دادگای تاوانەکانی ڕێژیمەوە دەرچووبوو، بە پێدانی خوێنبایی و گۆڕینی بۆ دە ساڵ بەندکردنی تەعزیری، هەڵوەشایەوە.
سەرەڕای ئەم هەنگاوە، دۆسیەی دووەمی ناوبراو کە بە تۆمەتی “بەغی” (یاخیبوون لە دەسەڵات) لە دادگای ئینقلابی ڕێژیمدا، سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە، هێشتا بە مەترسیداری ماوەتەوە و ئەم سزایە لە دیوانی باڵای ڕێژیمی ئێراندا دوو جار پشتڕاست کراوەتەوە و لە ئێستادا، پارێزەرانی یوسف ئەحمەدی بۆ جاری سێیەم داوای پێداچوونەوەی یاساییان بەم بڕیارە ئاراستەی دیوانی باڵا کردووە و هیوادارن ڕێگری لە جێبەجێکردنی ئەم سزایە بکەن.
جێی ئاماژەیە کە، یوسف ئەحمەدی لە کاتێکدا ئەم دۆخە نالەبارە تێپەڕ دەکات کە ماوەی شەش ساڵە لە بەندیخانەکانی ئێراندا بەسەر دەبات و دۆسیەکەی لە نێوان پشتڕاستکردنەوەی سزای لەسێدارەدان و هەوڵە یاساییەکانی پارێزەرانیدا ماوەتەوە و هەروەها چاودێران هۆشداری دەدەن کە هێشتنەوەی ئەم سزایە، مەترسییەکی ڕاستەوخۆ و جیددی لەسەر گیانی ناوبراو دروست دەکات.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*