خۆڕاگری: دوو مێرمنداڵی خەڵکی ناوچەی هەوشار بەناوەکانی “سیامەک موفیدی و
سروش عینایەتی” لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە لە شاری تاران بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کران.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ١٤ی خەرمانانی ١٤٠٥ی هەتاوی “٥ی سێپتامبری ۲۰۲٦ی زایینی” سیامەک موفیدی، تەمەن ١٧ ساڵان و سروش عەینایەتی، تەمەن ١٦ ساڵانی خەڵکی شاری “تیکاب”ـی سەربە ناوچەی هەوشار، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئیرانەوە لە شاری تاران بەشێوەیەکی دڕەندانە کە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەک هەڵیانوکوتاوەتە سەر شوێنی کارەکەیان و بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی دەسبەسەریان کردوون و ڕفاندوویانن بۆ شوێنێکی نادیار.
هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بەبێ بوونی بڕیاری قەزایی و بە شێوەیەکی توندوتیژ هەڵیانکوتاوەتە سەر شوێنی کارکانیان کە لە مانگەکانی ڕابردوودا لە کافترایەک لە تاران کاریان دەکرد، دوای دەسبەسەرکردنیان لەژێر کۆنتڕۆڵێکی توندی ئەمنیدا بۆ لێکۆڵینەوە گواستوویاننەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
ئەم دوو مێرمنداڵە لە کاتێکدا لەژێر لێپرسینەوەدان کە تا ئەم ساتە هیچ دەرفەتێکیان بۆ دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و مافی پەیوەندیکردن یان چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان نەدراوە و هەروەها تاکاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، دەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەبارەی هۆکاری دەسبەسەرکردن و تۆمەتەکانی دژی ئەم دوو مێرمنداڵە نەخستووەتە ڕوو و چارەنووسیان ناڕوونە.

Be the first to comment