دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی خەڵکی جوانڕۆ لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: ئاتیلا عەبدی، هاووڵاتیی خەڵکی جوانڕۆ لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شۆێنێکی نادیار.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی پێنجشەممە، ۱٤ی جۆزەردانی ۱٤۰٥ی هەتاوی “٤ی ژووئەنی ۲۰۲٦ی زایینی” ئاتیلا عەبدی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری جوانڕۆی سەربە پارێزگای کرماشان، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و چارەنووسی ناروونە.
هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بەشێوەیەکی دڕەندانە و بە بەکارهێنانی کردوەی توندوتیژی و تەقەکردن، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ناوبراو و وێڕای دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ دەسبەسەریان کردووە و ڕفاندوویانە بۆ شوێنێک نادیار و تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لەبەردەستدا نییە و هەواڵ و بەدواداچوونی بنەماڵەکەشی بێئاکام ماوەتەوە.
جێی ئاماژەیە کە ئاتیلا پێشتر چەندجارێکی دیکەش لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کراوە و لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوەی توندی لەگەڵ کراوە و لە ماوەکانی دەسبەسەربوونیدا لە مافە سەرەتاییەکاتی بێبەش کراوە.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*