خۆڕاگری: هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بەشێوەیەکی دڕەندانە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی خوشک و برایەکی خەڵکی کامێران بەناوەکانی “کەژاڵ و دانیاڵ ڕەحمانی” دەسبەسەریان کردوون و بێسەروشونن.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” بەرەبەیانیی ڕۆژی شەممە، ۱٦ی جۆزەردانی ۱٤۰٥ی هەتاوی “٦ی ژووئەنی ۲۰۲٦ی زایینی” هێزە سەرکوتکەرەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە هەڵکوتانە سەر ماڵی بنەماڵەی ڕەحمانی» لە شاری کامیاران، کەژاڵ ڕەحمانی و دانیال ڕەحمانییان بەشێوەیەکی دڕەندانە و بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی دەسبەسەر کرد و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستوونەتەوە و چارەنووسیان نادیارە.
دەیان کەس لە هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بەبێ بوونی بڕیاری دادگا و بە شێوەیەکی دڕەندانە دەرگای ماڵی ئەو بنەماڵەیەیان شکاندووە و پاش پشکنینی ماڵەکەیان، هەردوو خوشک و برایەکەیان دەسبەسەر کردووە و ڕفاندوویانن بۆ شوێنی نادیار و تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسیان لەبەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدواداچوونی بنەماڵەکەشیان بێئاکام ماوەتەوە.
جێی ئاماژەیە کە کەژاڵ و دانیال ڕەحمانی، برایەکیان بە ناوی «جەمال ڕەحمانی» لە ساڵی ١٣٩٧دا لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە شەهید کراوە، بنەماڵەی ناوبراو لەو کاتەوە بۆ بەدەستهێنانی زانیاری لەسەر چارەنووسی تەرمی کوڕەکەیان چەندین جار سەردانی ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمیان کردووە، بەڵام بێ وەڵام ماونەتەوە و هەروەها برایەکی تریان بە ناوی «ڕێبین ڕەحمانی»، بەندکراوی سیاسیی پێشووی کوردە و کەژاڵ ڕەحمانی، چالاکوانی مەدەنی و پەرستاری پێشووی نەخۆشخانەی سینای کامێران و پێشتر چەندین جار لەلایەن وەزارەتی ئیتڵاعاتەوە بانگ کراوە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کراوە.

Be the first to comment