خۆڕاگری: بێهزاد ڕەسووڵی، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی سەقز، بەنیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە پێدانی سزای ٨ساڵی بەندکردنی ناڕەوا، مانی لە خواردن گرتووە و دۆخی تەندروستیی جێگیر نییە.
ڕۆژی پێنجشەممە، ۲۱ی جۆزەردانی ۱٤۰٥ی هەتاوی “۱۱ژووئەنی ۲۰۲٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: دۆخی جەستەیی و دەروونیی بێهزاد ڕەسووڵی، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی شاری سەقز، بەهۆی بەردەوامبوونی لەسەر مانگرتن لە خواردنی وشک بۆ ماوەی پتر لە دوو مانگ، بەتەواوی تێکچووە و مەترسیی جیدی لەسەر ژیانی دروست بووە و کەسوکارەکەی و چالاکوانانی مافی مرۆڤ ئاماژە بەوە دەکەن کە ناوبراو بە شێوەیەکی بەرچاو کێشی دابەزیوە و باری تەندروستیی لە ناو بەندیخانەدا بەرەو خراپیی زیاتر ڕۆیشتووە.
بێهزاد ڕەسووڵی، بەندکراوی سیاسیی تەمەن 43 ساڵان خەڵکی شاری سەقزە و پێشتر لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئێرانەوە، سزای ٨ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە و هەروەها ناوبراو لە دژی دەرکردنی ئەو سزا ناڕەوایە و وەک ناڕەزایەتییەک، ماوەی زیاتر لە دوو مانگە دەستی لەناو بەندیخانە مانی لەخواردن گرتووە تەندروستی باش نییە و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤیش لەو بارەیەوە هۆشداری دەدەن کە بەهۆی درێژەکێشانی مانگرتنەکەی و پشتگوێخرانی لەلایەن بەرپرسانی بەندیخانەوە، ژیانی ئەو بەندکراوە سیاسییە کوردە لە مەترسییەکی جیدییدایە.

Be the first to comment