جەزرەبە لەپێناو باوەڕدا

محەممەد فەتاحی
محەممەد فەتاحیم ناوە، ساڵی ۱۳۴۱ی هەتاوی لە ئاوایی یەنگیکەندی فەیزوڵڵابەیکی بۆکان لەدایک بووم. لەبەر ئەوەی گوندەکەمان هەر قوتابخانەی سەرەتایی هەبوو، منیش لەوەندە زیاتر نەمتوانی درێژە بە خوێندن بدەم. مێردمنداڵ بووم کە ماڵمان هاتە بۆکان و منیش بووم بە شاگرد خەیات و کاری بەرگدرووییم وەک پیشەی ژیان هەڵبژارد. کە شۆڕشێ ساڵی ۵۷ کرا تازەلاو بووم و لە هەر دوو خۆپیشاندانەکەدا کە لە بۆکان کرا بەشدار بووم. لەبیرمە کە «یوزباشی»، سەرۆکی شارەبانیی بۆکان تەقەی لە خۆپیشاندەران کرد و لەو ڕووداوەدا دوو کەس شەهید و چەند کەسێکیش بریندار بوون.
ڕۆژ و مانگەکانی دوای سەرکەوتنی شۆڕش تایبەت و پڕ ڕووداو بوون. بۆکانیش شارێکی زیندوو و ناوەندی چالاکیی حیزبە سیاسییەکان لە هەموو جۆر و تەیفەکانی بوون. منیش کاری سیاسیم لەگەڵ ڕێکخراوی چریکەکان دەست پێکرد. لە بیرمە ئەوکات ئەمن و چەند هاوڕێیەکی بەرگدرووم وەک یەکەم ئەزموونی کاری ڕێکخراوەیی و سینفی توانیمان سەندیکای «خەیات»ەکانی بۆکان دابمەزرێنین؛ بەڵام دوای نیشتنەوەی کەفوکەڵەکانی دوای شۆڕش و سەرلێشێواوی و ئینشعاب لەم ڕێکخراوەیە، ئەمن لە ساڵی ۱۳۵۹ ڕیزی خۆم لێ جیا کردنەوە و پێوەندیم بە ڕێکخستنەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە گرت.
ساڵی ۶۰ کە هێشتا بۆکان نەگیرابۆوە و هێزی پێشمەرگەی تێدابوو، ئەمن ژیانی هاوبەشێم پێک هێنا. ئەوکات ئێمە وەک ئەندام کارمان ڕاپەڕاندنی ئەرکی تەبلیغی و پێسپێردراوەکانی دیکەی حیزبی بوو، بەڵام دوای ئەوەی ڕێژیم دەسەڵاتی خۆی بەسەر شاردا سەپاند، ئێمە وەک شانەیەکی تەشکیلاتی نهێنی درێژەمان بە کاری خۆمان دا. ئەرکەکانمان ئەو کات کاری نیزامی، هەواڵگری و هەروەها کاروباری تەبلیغی بوو. ڕۆژی ۱۵ی جۆزەردانی ۱۳۶۱ هێشتا چەند مانگ لە زاوایەتیم تێنەپەڕیبوو، لە دووکان خەریکی کار بووم کە هێزەکانی ئیتلاعات بەسەریان دادام و لەگەڵ خۆیان بردیانم.
بۆ کەسێک کە خۆی گیرابێ، یان ئەوانەی کەمێک کۆماری ئیسلامی و ئیدارەی ئیتلاعات ئەویش لەو سەردەمدا بناسن، پێویست بە گێڕانەوە ناکا کە لە گرتنگەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتدا چی دەگوزەرا و چییان بەسەر زیندانیی سیاسی دەهێنا. ڕێز و حورمەتی مرۆیی لە زاتی ئەواندا نەبوو، بەڵام ئەشکەنجە و ئازار بەپێی فیلان و لەگێڕانەوە نەهاتوو. بۆ ماوەی ۴ مانگ و نیو ئەمن لەو بارودۆخەدا بەرگەم گرت، دوایە بەڕێی سەقزیان کردین بۆوەی حاکمی شەرع بێ و بڕیارمان لەسەر بدا و دوای ۱۵ ڕۆژ ڕاگیران لەوێ ناردیانینەوە بۆکان و لەوێوە بەڕێی بەندیخانەی ناوەندیی سنە کراین. هەر لە نێو بەندیخانە مەلایەک بە ناوی «قەدەمی» وەک قازی بڕیاری لەسەر داین و ئەمن سزای ساڵێک زیندانیم بەسەردا سەپا، بەڵام بەهۆی ئەوەی نەببووم بە «تەواب»، سزای زیندانیم لەسەر زیاد کرا بۆ زیندانی گەوهەردەشتی کەرەجیان دوورخستمەوە و ۱۸ مانگ لەوێ بەند کرام. لەو ماوەیەدا هاوژینی تازەبووکم گەڕابۆوە ماڵی باوکی…
دوای بەربوونم لە زیندان دەمودەست پێوەندییم بە تەشکیلاتی حیزب گرتەوە و لە کاروباری حیزبی تێ هەڵچوومەوە و لە شانەیەکی نوێدا ڕێک خرام. ئێمە هەتا گەلاوێژی ۱۳۶۴ لە کاروباری حیزبی بەردەوام بووین، بەڵام بە داخەوە شانەکەمان ئاشکرا بوو، چەند کەس لە ئەندامانی شانەکە گیران کە یەک لەوان بەناوی حوسین ناسکی دوایە بەداخەوە ئێعدام کرا. ئەمن و چەند کەس لە هاوڕێیانی دیکەم پێش ئەوەی دەستبەسەر بکرێین خۆمان گەیاندە هێزەکانی پێشمەرگە.
هێشتا دوو شەو نەببوو هاتبووینە دەرێ کە لەگەڵ هێزەکانی ڕێژیم تێکهەڵچووین و ئەمن لەو شەڕەدا بریندار بووم. دوای باوخۆشبوونەوەی برینەکەم ناردیانم بۆ «گەڵاڵە و گەورەدێ» بۆوەی دەورەی پێشمەرگایەتی ببینم. دوای تەواوبوونی دەورە و پاش ماوەیەک پێشمەرگایەتی لە ساڵی ۱۳۶۵، لەسەر بڕیاری کۆمیسیۆنی سیاسی_نیزامی و بە مەبەستی کاری تەشکیلاتی خۆم ڕادەستی حوکمەت کردەوە.
پاش ماوەیەک خۆ ماتکردن و ڕاگرتنی جموجۆڵی تەشکیلاتی، دەستمان بە کار کردەوە هەتا سەرەتای بەهاری ۱۳۷۲ کە بەهۆی سیخوڕیی کەسێکی نفووزی گرتیانینەوە.
ئەمجارەیان بەڕێی ئیتلاعاتی ورمێ کراین و ئەمن بۆ ماوەی ۷ مانگ بێسەروشوێن بووم و بنەماڵەکەمیان لە بێخەبەریدا ڕاگرت. بارودۆخی ئەمجارەی من بەهۆی ڕابردووی گیران و چالاکیی سیاسی و پێـشمەرگانەم جیاواز بوو. بۆیە هەتا خودا حەز بکا ئازار درام و جەزرەبەیان دام. ئەمجارەیان لە دادگای شۆڕشی مەهاباد بە بڕیاری قازی «جەلیلزادە» سزای ۸ ساڵ زیندانیم بەسەردا سەپا و بۆ کێشانی ماوە زیندانییەکەم بەڕێی زیندانی دەریای ورمێ کرامەوە. وە ڕێک ۸ ساڵ لەو بەندیخانەیەدا بەرگەم گرت و لەسەر بیروباوەڕی کوردایەتی و ئامانجەکانم ئازار و ئەزیەت و جەزرەبەدانم چێشت.
خوینەرانی ڕۆژنامە «کوردستان» لە بەشەکانی پێشووشدا و لە زمان چەند هاوسەنگەرێکی حیزبیم کە ئەو کات هاوبەندیشم بوون، وەک کاک ڕەحمان مەحموودی و کاک ڕەحیم مەحموودی و … باس و بەسەرهاتی زیندانی ورمێ و بەندەکانی و شێوەی پێڕاگەیشتن بە بەندیی سیاسی و چۆنیەتیی مافەکانیان بیستووە و خوێندوویانەتەوە؛ بۆیە من ناچمەوە سەر ئەو باسە. بەڵام دەپڕژێمە سەر چەند تەوەری تر لەو بەسەرهاتە.
ئەمن و مریەمی خێزانم ۵ منداڵمان هەیە. ئەو کات کە بۆ جاری دووهەم گیرامەوە چوار منداڵمان بوو، وە ئەرکی سەرپەرستی و پێڕاگەیشتن بە ماڵ و منداڵ و بەڕێچوونیان لەو ماوەیەدا هەمووی لە ئەستۆی خێزانم بوو. بۆیە بێ ئەمەگی دەبوو ئەگەر ناوم نەهێنابا و باسم لەو هەمووە ئازارە نەکردبا کە ئەو و منداڵەکانمان لەو ماوەیەدا لە سۆنگەی زیندانیبوونمەوە چاشتیان و بەرگەیان گرت. هیچ قەڵەمێک و هیچ زمانێک و هیچ گێڕانەوەیەک ناتوانێ تەعبیرێکی وەک خۆی لەو ڕۆژ و عەیام و سەختییانە بکا کە من لە زیندان و بنەماڵەکەم لە دەرەوەی زیندان چێشتمان.
دوای بەربوونم لە زیندان ماوەیەک پشووم دا، بەڵام کەسێک کە فرچکی بە کوردایەتی گرتبێ و لە فێرگەی حیزبی دێموکراتدا گۆش کرابێ، چۆن دەتوانێ ستەم و چەوسانەوە ببینێ و لەدژی هەڵویست نەگرێ. ئەوە بوو کە سەرلەنوێ پێوەندیم بە حیزبی دێموکرات گرتەوە و ساڵی ۱۳۸۶ کە هەستم بە مەترسیی گیران دەکرد، بە یەکجاری ماڵم لە کۆڵ کرد و لە سەنگەری ئاشکرای حیزبی دێموکراتدا بە عەرزم دادا و بوومە پێشمەرگە. وە ئێستاش کە ۱۳ ساڵ لەو کاتە ڕادەبرێ، خەریکی ڕاپەڕاندنی ئەرکی پێشمەرگایەتیم.