دۆخی نالەباری ١١ بەندیی لە بەندیخانەی ڕەجایی شار

دۆخی تەندروستی ١١ بەندکراوی سیاسی لە بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەج ناجێگرە و لە لایەن بەرپرسانی بەندیخانەکەوە ڕێگە نادرێ سەردانی نەخۆشخانە بکەن یا دوکتۆری تایبەت بە نەخۆشیەکەیان بیانبینێ و چارەسەریان بکات.
ناوەندی “عەبدولڕەحمان بروومەند” لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە دۆخی تەندروستی ١١ کەس لە زیندانیانی سیاسی بەندیخانەی ڕەجایی شار، وەک ئارش سادقی، هەمزە سواری، مەجید ئەسەدی، ئەفشین بایمانی ناجێگرە و بەهۆی ڕێگە پێنەدانیان بۆ لای دوکتۆر ڕۆژبەڕۆژ دۆخی تەندروستیان خراپتر دەبێ.
بەپێی ماددەی ١٠ی پەیمانی نێودەوڵەتی حقووقی مەدەنی و سیاسی دەبێ هەڵسوکەوتی ئینسانی لەگەڵ زیندانیان بکرێ کە ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە ئەو پەیماننامەیەی ئیمزا کردووە، بەڵام لە زیندانەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران نەک هەر پابەندی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان نییە، بەڵکوو بەشێوەیەکی دژەمرۆڤانە لەگەڵ بەندییەکان هەڵسوکەوت دەکا و ساڵانە لەو پێوەندییەدا لە لایەن ڕێکخراوەکانی پارێزەری مافی مرۆڤەوە هۆشداریی پێدەدرێ و مەحکووم دەکرێ.