ئازادیی کاتیی خوێندکارێکی کورد بە دانانی بارمتە

خوێندکارێکی کوردی خەڵکی شاری مەریوان بە دانانی بارمتە لە زیندان ئازاد کرا.

ڕۆژی چوارشەممە، ١ی جۆزەردان، “کەژوان ئازادیان”، خوێندکاری زانکۆی پەیام نووری مەریوان و چالاکی ژینگەپارێزیی خەڵکی گوندی “یەنگیجە”ی مەریوان، بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.

ئەم خوێندکارە کوردە دوای تەواوبوونی لێپرسینەوە، بۆ زیندانی مەریوان ڕاگوێزرا و دواتر بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.

کەژوان ئازادیان، تۆمەتی “هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران”ی وەپاڵنراوە و بەم هۆیەشەوە لە دادگادا دادگایی دەکرێت.

پێشتر سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کوردپای ڕاگەیاندبوو: “هێزەکانی ئیتلاعات بەبێ مۆڵەتی یاسایی، ئەم خوێندکارە کوردەیان دەسبەسەر کردووە.” 

هەروەها ئەم سەرچاوەیە زیادی کردبوو: “لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا، ئەمە بۆ دووەمین جارە کە ئەم خوێندکارە کوردە لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کراوە و جاری پێشوو ماوەی سێ ڕۆژ لە گرتنگەی ئیتلاعاتدا بووە.”

هێزە ئیتلاعاتییەکان، بە تۆمەتی جۆراوجۆر، لە بەردەم چالاکانی خوێندکاری و ژینگەپارێزی کۆسپ دروست دەکەن و بە پەروەندەسازی دەیانەوێت ئەم کەسانە لە چالاکییە مەدەنییەکانیان دوور بخەنەوە.