سەپاندنی سزای ۹۷۱ مانگ زیندان بەسەر ۲۷ زیندانیی سیاسیی کورددا

لە ماوەی سێ مانگی بەهاری ئەمساڵدا ۱۰۶ کەس لە خەڵکی ئاسایی و چالاکانی مەدەنی و سیاسی لەلایەن دەزگا ئەمنیەتییەکانەوە بە تۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی و سیاسی لە دژی کۆماری ئیسلامی و بەرژەوەندییەکانی ئەو ڕێژیمە گیراون. ژمارەیەک لەوان دوای لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوەکانی ناوەندە ئەمنیەتییەکان تا کاتی دادگاییکرانیان بە دانانی بارمتە ئازاد کراون و ۲۷ کەس لەوان حوکمی ۵ مانگ تا ۲۰ ساڵ (سەرجەم ۹۷۱ مانگ) زیندانییان بەسەردا سەپاوە.
گرتنی لانیکەم ۱۰۶ کەس و حوکمدانی ۲۷ کەس لەوان لە ماوەی سێ مانگی بەهاری ئەمساڵ لە حاڵێک دایە کە پارەکەش لانیکەم ۶۴۱ کەس لە خەڵکی ئاسایی و چالاکانی مەدەنی و سیاسی لەلایەن دەزگا ئەمنیەتییەکانەوە بەتۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی و سیاسی لە دژی کۆماری ئیسلامی و بەرژەوەندییەکانی ئەو ڕێژیمە گیرابوون. لەو ۶۴۱ کەسەی لە ماوەی ئەمساڵدا دەسبەسەر کرابوون، لانیکەم ۱۶۵ کەسیان دادگایی و سزای لە شەش مانگ تا سزای درێژخایەنی ۳۰ ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپابوو. هەروەها ۵ بەندکراوی کوردیش بەتۆمەتی موحاربە و ئەندامەتیی حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیم سزای ئێعدامیان بەسەردا سەپابوو و ۳ بەندکراوی کوردیش لەژێر ئەشکەنجەدا و لە گرتووخانەکانی ناوەندە ئەمنیەتییەکاندا گیانیان لێ ئەستێندرابوو.