“بەرزان مەحەممەدی” بەندیی سیاسیی کورد، هەر لە زیندانی فەشافوویە دایە

بە پێچەوانەی بەڵێنی کاربەدەستان و ئەو هەواڵانەی کە پێشتر بڵاوبوونەوە “بەرزان مەحەممەدی” زیندانی سیاسیی کورد، هەروەها لە زیندانی فەشافوویە دایە و مەترسی ئەوە هەیە کە هەروەکوو هاوبەندییەکەی “عەلیڕەزا شێرمحەممەدعەلی “بە دەستی دەست وپێوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی لە زینداندا بکوژرێ.
دوابەدوای کوشتنی” عەلیڕەزا شیرمحەممەد عەلی “زیندانی سیاسی لە زیندانی تارانی گەورەدا کە پێویستی بەڕێوەبردنی بنەمای جیاکردنەوەی تاوانەکانی زۆرتر خستە بەرباس،
هەوالگەلێک لە ناردنی دووزیندانی سیاسی لەم زیندانەوە بۆ زیندانی ئێڤین لە میدیا نێوخۆییەکاندا بڵاو بووەوە، کە یەک لەو دووزیندانییە “بەرزان محەممەدی” بوو . بەڵام هەتا ئێستاش بە پێچەوانەی وتەی بەرپرسانی ڕژیم بەرزان لە زیندانی تارانی گەورەدا و لە بەندی زیندانییەکانی تووڕە و نالەباردا ڕاگیراوە.
بەرزان محەممەدی”کە تاوانەکانی بەوتەی کۆماری ئیسلامی “کۆبوونەوەو هاندان بۆ تێکدانی هێمنایەتی نەتەوەیی و بانگەشە بە دژی ڕژیم ” لەسەریەک بە ٦ ساڵ زیندانی تەعزیری حوکم دراوە، دوای کوژرانی هاوبەندییەکەی” عەلیڕەزا شیرمحەممەدعەلی” بەرزان چۆنییەتی کوژرانی ناوبراوی ئاشکرا کرد کە لە مێژە وەکوو یەکێک لە سێناریۆکانی کۆماری ویلایەتی فەقی لە زیندانەکاندا دژی ڕووناکبیران و جیابیرانی ئێرانی کەڵکی لێگیراوە.
شایانی باسە کە بەرزان لە نامەیێکدا لەم بارەیەوە”مەحەممەدڕەزا خەلیلزادە” و “حەمیدڕەزا شوجاعی زەوارە”ی وەکوو بکوژانی هاوبەندییەکەی ناساند بوو ، هەروەها لە نامەکەیدا ئاماژە بەوەش دەکات کە ئەم دوو بکوژە پێشتر چەندین جار هەڕەشەی ئەوەیان کردبوو کە کەسێک دەکوژن تاکوو بگەڕێنەوە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج.
هەروەها لە نامەکەی” بەرزان محەممەدی “دا هاتووە ؛کە بەرپرسانی زیندان لە هەڕەشەکانی ئەم دووکەسە ئاگادار کرابوونەوە بەڵام نەک هەرئاوڕیشیان نەدایەوە بەڵکوو لەو کاتەدا کە بڕیاربوو عەلیڕەزا شێرمەحەممەد عەلی بکوژن دەرگای بەندەکانیان بۆ ئاوەڵا کردن.
پێویستە ئاماژە بەوە بکرێ کە کۆماری ئیسلامی هەر لەسەرەتای هاتنەسەرکارییەوە هیچ پرەنسیپێکی ئەخلاقی و هیچ یاسایێکی نێو نەتەوەیی و تەنانەت یاساکانی خۆیشی لە بەرچاو نەگرتووەو هێچ بایەخێک بە مافی مرۆڤ و بوارە ئینسانییەکان نادات و لە هیچ جەنایەتێک بۆ لە ناوبردنی دژبەرانی خۆی دەرێخی نەکردووە .