کۆڵنەدان و نەسرەوتن (بەشی یەکەم)

خالید ڕەواندووست‌
خالید ڕەواندووست‌«م، خەڵکی شاری شنۆم. له یه‌کێک لە ڕۆژه‌کانی کۆتایی مانگی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٣٦ی هەتاوی لە بنەماڵەیەکی مامناوەندی له ئاوایی نەڵۆس سەر به شاری شنۆ لەدایک بووم. تەمەنم ٤ ساڵ بوو باوکم بەهۆی کێشه لەگەڵ ئاغای گوند و ملنەدان بە خواستی ئاغا و بێگاری نەکردن، ماڵی بار کرد بۆ شاری نەغەده و لەوێ نیشته‌جێ بوو. من له شاری نەغەده گەورە بووم و له تەمەنی ٧ ساڵیدا بۆ خوێندن نێردرامه قوتابخانه. هه‌تا پۆلی ١٠ لەو شاره دەرسم خوێند و پاشان بۆ درێژەی خوێندن چووم بۆ دانیشسەرای موقەدەماتی، که بۆ یەکەم جار له شاری نەغەده دەکراوه و پاش دوو ساڵ خوێندن له‌وێ وەک مامۆستا له گوندەکانی شاری نەغەده دەستم به دەرس گوتنەوه به منداڵان کرد. پاش ساڵێک بۆ سەربازی ڕەوانەی سەربازگەی «سەراب» کرام و پاش ٦ مانگ دەورەی نیزامی، وەک سپای دانیش بۆ درێژەی سەربازی ڕەوانەی شاری شنۆ کرام و له ئاوایی قەڵاتیان ده‌ستم به دەرس گوتنەوه کردەوه.

ئەوە هاوکات بوو لەگەڵ سەرهەڵدانی شۆڕشی گەلانی ئێران به دژی دەسەڵاتی پاشایەتی له شارەکانی ئێران که منیش وه‌ک هاوڕێیانم لەگەڵ ئەوەی به‌ناو سەرباز بووین، له هەموو دەرفەتێک خۆمان دەگەیانده شار و شان به شانی خه‌ڵکی ڕاپەڕیو له خۆپێشاندانەکاندا بەشداریمان دەکرد. بەهۆی ئەمانە و نووسینی ئینشا لە دژی سیستمی پاشایەتی تووشی گیران و زیندانی ساواک بووم.

به ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی، ئێمەش قوتابخانەکانمان به‌جێ هێشت و پاش ماوەیەك وەک مامۆستا له پەروەردەی شاری شنۆ دامەزرام که هاوکات بوو لەگەڵ دەستپێکردنی خەباتی ئاشکرای حیزب و کرانەوەی بنکەکانی حیزب له شار و گوندەکان. منیش له کۆبوونەوەکان و میتینگەکانی حیزبدا به‌شدار دەبووم، هەتا پاش ماوەیه‌ک له دامەزرانی یەکیەتیی لاوان له‌سه‌ر داوای به‌رپرسانی ئەوکاتی یەکیەتیی لاوان هاوڕێ له‌گه‌ڵ هێندێک له لاوە دڵسۆزەکان که به‌شێکیان ئێستاش له ڕیزەکانی خەباتدان و هاوڕێیەتیمان مایەی شانازییە و یادیان شادی بەخشی دڵ و گیانه، به دروستکردن و نواندنی چەند شانۆی شۆڕشگێڕی وەک شانۆی کاوەی ئاسنگەر و شانۆی ژیانی پێشمەرگه و چەند کاری هونەریی دیکه هاوکاریی ڕەسمیی خۆم لەگەڵ حیزب دەست پێکرد و؛ لەلایه‌ن هاوڕێی خۆشەویستم کاک قادر فەتحی که ئەوکات کادری شار بوو له شانەیەکدا سازمان درام.

پاش ماوەیەک له یەکەم کۆنفڕانسی شاردا به ئەندامی کومیتەی شار و بەرپرسی کومیتەی شاری شنۆ دیاری کرام و ماوەیەکی کورت پاش کۆنفڕانسی شار له کۆنفڕانسی شارستانیشدا به ئه‌ندامی کومیتەی شارستان و ئه‌ندامی هەیئەتی ئیجرایی شارستان دیاری کرام و هەتا کاتی گیرانەوەی شار لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمی دژی گەلی کۆماری ئیسلامی له کۆتایی هاوینی ساڵی ١٣٦٠ی هەتاوی کاروباری شار و ئەرکەکانی حیزبیم له خزمەت شەهید کاک نەبی قادری، که ئەوکات بەرپرسی کومیتەی شارستانی شنۆ بوو و به هاوکاریی ئەندامانی دیکەی کومیتەکانی شار و شارستان؛ که هەموو نموونەی دڵسۆزی و وەفاداری و فیداکاری بوون بەڕێوە برد. پاش ماوەیەک له گیرانەوەی شار له دابەشکردنی نوێی کاری کومیتەی شارستان وەک ئەندامی هەیئەتی ئیجرایی و به‌رپرسی ئینتشاراتی کومیتەی شارستان دیاری کرام. له دوای ماوەیەک کارکردن له ئینتشارات، له‌لایەن کومیتەی شارستان ئەرکی بەرپرسایەتیی کومیتەی ناوچەی نەڵۆسم پێ ئەسپێردرا. شایانی باسه له ماوەی کار له کومیتەی شارستانی شنۆ له کۆنگرەکانی ٥ و ٦ و ٧ی حیزب وه‌ک نوێنەری هەڵبژێردراوی شارستانی شنۆ به‌شداریم کردوه که هەموو کات شانازیم پێوه کردوه و شانازی پێوه دەکه‌م.

له کۆتاییەکانی ساڵی ١٣٦٥ بەهۆی گیروگرفتی بنەماڵه‌یی گەڕامەوه نێوخۆ و بۆ ماوه‌ی مانگێک له ده‌ستبەسەرگەی ورمێ به‌بێ ئیزنی چاو پێکەوتن له‌ژێر هەڕەشه و فشاری له ڕادەبەدەری ڕووحی له‌ژێر لێپرسینەوه دابووم. پاش مانگێک به زەمانەتی ٢ که‌س، به‌ڕواڵه‌ت ئازاد کرام بەڵام هه‌تا ماوەیەکی دوورودرێژ هەموو ڕۆژێک ده‌بوو له نەغەده ‌ڕا بچم بۆ ورمێ خۆم بناسێنم و قامکێکیان بۆ پێوەنێم و بگەڕێمەوه ماڵێ. هەموو کات له‌ژێر چاودێریدا بووم و داوای هاوکارییان لێ دەکردم، ڕۆژێکی دوو کەس له هاوڕێیان که ئەوانیش تازه خۆیان ته‌حویل دابۆوه و ئێستاش له‌ نێوخۆ دەژین هاتن گوتیان پێشنیاریان پێ کردووین و هەڕەشەشیان لێ کردووین که دەبێ چەک هەڵگرین ئەتۆ چ دەڵێی؟ زۆرم قسه لەگەڵ کردن په‌شیمانم کردنەوه که ئەدی چ جوابی ئەو خەڵکه دەدەنەوه. دیار بوو سپا و ئیتلاعات پێیان زانیبوو و زۆر جاریش داوای هاوکارییان لێ ‌دەکردم و هه‌موو جارێک بەو وڵامەی که خومەینی لێبوردنی ڕاگه‌یاندوه بۆیە من هاتوومەتەوه بۆ ئەوەی ئەو ماڵ و منداڵه زۆرەم به‌خێو بکەم و کارم به هیچ لایه‌ک نییه؛ خۆم دەپەڕاندەوە.

کە لەوەدا سەرنەکەوتن، سپا و ئیتلاعات به ئاگاداریی ئیمام جومعەی شیعەکانی نەغەده پیلانی تێرۆریان بۆ داڕشتم و شەوی ٢ی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٦٧ کاتێک له ماڵه خزمێکمان دەگەڕامەوه، بە دەستی کەسێکی بەسیجی که لەلایه‌ن سپا و ئیتلاعاتەوە چەک و پووڵی پێ درابوو تەقەم لێ کرا که بە خۆشییەوە بە سڵامەت دەرچووم و لە مردن گەڕامەوە. پاش ئەو تێرۆرەش هەمووکات له‌لایەن پاسدارەکانی سپا و ئیتلاعات لەژێر فشار و چاودێریدا بووم و هەر جارەی به بیانوویەک دەیانگرتم یان بانگیان دەکردم بۆ ئیتلاعات و دەستیان دەکرد به پرسیار و هەڕەشه.

درێژەی هەیە…