کوژران و برینداربوونی ۲۸ کۆڵبەر، دەسبەسەرکردنی ۹۰ کەس و خۆکوشتنی ۲۸ کەس لە مانگی پووشپەڕدا

لە ماوەی مانگی پووشپەڕی ئەمسا‌ڵدا هەر نەبێ ۱۶۷ حاڵەتی زبری پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕووی داوە کە ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان تۆماری کردوون.
به‌ پێی بانکی زانیاریی ناوه‌ندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەم مانگەدا‌ لانیکەم ۲۸ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆ، یان بەربوونەوە لە شاخ بەهۆی ڕاوه‌دوونانی هێزه‌ چه‌کداره‌کانی کۆماری ئیسلامی کوژراون و بریندار بوون. لەو ۲۸ کاسبکارە ۲۰ کەسیان بریندار بوون و ۸ کۆڵبەریش کوژراون و گیانیان لە دەست داوە.
کوژران و برینداربوونی ۲۸ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە مانگی پووشپەڕ لە حالێکدایە کە لە سێ مانگی بەهار و وەرزی یەکەمی ساڵدا ۵۶ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە پێناو پارووە نانێکدا کوژرابوون و بریندار بوون. بەوەش ژمارەی ئەو کەسانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا کوژراون و بریندار بوون گەیشتۆتە ۸۴ کەس. شایانی باسە کە پارەکەش لانیکەم ۲۴۲ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە ناوچە سنوورییەکان بە هۆکاری سروشتیی وەک ڕەقهەڵاتن لە سەرما و هۆکاری ناسروشتیی تەقەی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم کوژرابوون و بریندار ببوون.
لە مانگی پووشپەڕی ئەم ساڵدا هەروەها ۸ زیندانیی کورد ئێعدام کراون. دەزگای قەزایی ڕێژیم لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ۷ زیندانیی کوردی لە دار دابوو و بەوەش ژمارەی ئەم کەسانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا لە زیندانەکاندا ئێعدام کراون گەیشتە ۱۵ کەس. جێێ باسە کە دەزگای قەزایی ڕێژیم لە ساڵی ڕابردووشدا لانیکەم لانیکەم ۴۹ بەندیی کوردی لە زیندانەکانی ئێراندا ئیعدام کردبوو.
لە پێوەندی لەگەڵ گرتن و بەندکراندا، لە ماوەی مانگی پووشپەڕدا لانیکەم ۹۰ کەس بە تۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی دژی کۆماری ئیسلامی و ئەندامەتی یان هاوکاریکردنی حیزبێکی کوردیی دژبەری کۆماری ئیسلامی گیراون. لە وەرزی بەهاری ئەمساڵیشدا لانیکەم ۱۰۶ کەس بە تۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی لە دژی ڕێژیم گیرابوون و بەوەش ژمارەی ئەم کەسانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا گیراون، گەیشتە ۱۹۶ کەس. جێی بیرهێنانەوەیە کە لە ساڵی ڕابردووشدا ۶۴۱ کەس لە خەڵکی ئاسایی و چالاکانی مەدەنی و سیاسی لەلایەن دەزگا ئەمنیەتییەکانەوە بەتۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی و سیاسی لە دژی کۆماری ئیسلامی و بەرژەوەندییەکانی ئەو ڕێژیمە گیرابوون.
تەقینەوەی مینی چێندراو لەلایەن کۆماری ئیسلامی لەم مانگەشدا قوربانییەکی لێ کەوتەوە کە لەگەڵ ئەو ۸ کەسەی لە وەرزی بەهاردا ببوونە قوربانیی تەقینەوەی مین، ژمارەی ئەم کەسانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە بەهۆی تەقینەوەی مین کوژراون و بریندار بوون گەیشتە ۹ کەس. دیارە ساڵی ڕابردووش ۴۸ کەس لە کوردستان بەم هۆیە گیانیان لە دەست دابوو.
خۆکوژی، هەر وەکوو ڕابردوو دیاردەی تڕاژیدیکی کوردستان بوو. لە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵدا لانیکەم زیاتر لە ۴۰ کەس خۆیان کوشتوە کە ناوەندی مافی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان شوناسی ۲۸ کەس لەوانی ئاشکرا کردوە. لە وەرزی بەهاریش‌دا ئەوەندەی ناوەندی مافی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تۆماری کردبوو، ۷۲ کەس لە کوردستان خۆیان کوشتبوو و بەوەش ژمارەی ئەم کەسانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا خۆیان کوشتوە و ناو و نیشانیان تۆمار کراوە، گەیشتە ۱۰۰ کەس.
لە ماوەی مانگی پووشپەڕدا لانیکەم ۵ کرێکاری کورد لە کوردستان بەهۆی ڕووداوی کار گیانیان لە دەست داوە، کە لەگەڵ ئەو ۸ کرێکارەی لە وەرزی بەهاردا بەهۆی نەبوونی ستاندارد و ئیمەنیی کار گیانیان لە دەست دابوو، ژمارەی قوربانییانی ڕووداوی کار لە چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا گەیشتە ۱۳ کەس.
لە کۆتاییدا ئەو ئامار و زانیارییانەی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران بڵاوی کردۆتەوە تەنیا ئەو بەشە لەو حاڵەتانە دەگرێتەوە کە هەواڵ و زانیارییەکان بە ئاشکرا بەمیدیایی کراون و لە لایەن سەرچاوە باوەڕپێکراوەکانەوە ئاماژەیان دراوەتێ، ئەگینا ئەو ناوەندە پێی وایە کە ئاماری ورد و درووستی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە کوردستان بەهۆی کۆماری ئیسلامیی ئێران زۆر زیاتر لەو ئامارەیە کە ده‌خرێته‌ به‌رچاو.