چالاکێکی مەدەنیی کورد بە هۆی ڕەخنەگرتن لە خامنەیی دەسبەسەر کرا

سیروس عەبباسی چالاکی مەدەنی خەڵکی شاری دێولان کە چەند ڕۆژ لەمەوبەر بە بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆیەک لە لاپەڕەی فەرمیی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ڕەخنەگرتن لە خامنەیی و ناڕەزایەتی دەربڕین لە دۆخی کۆمەڵایەتی و سیاسیی وڵات، پاش سێ رۆژ هەڕەشە کردن و گوشار، ئەمڕۆ هەینی ١٩ی گەلاوێژ هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردوتە سەر ماڵی ناوبراو و دەسبەسەریان کردوە.
کەسێکی نیزیک بە سیروس عەبباسی وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە بە “کوردستان وکورد”ی ڕاگەیاند؛ کە هێزە ئەمنییەکان زۆر بە نەشیاوی لەگەڵ بنەماڵەی ئەو بەڕێزە هەڵسوکەوتیان کردوەو چەندین جار مەئموورەکانی ئیتلاعات بە بێ بەڵگەی یاسایی ویستویان دەسبەسەری بکەن.
بە پێی قسەی هەمان سەرچاوە بڕیار ڕۆژی شەممە ٢٠ی گەلاوێژە ئەو چالاکە مەدەنییە ڕادەستی دادگا بکرێ.
جێی‌وەبیرهێنانەوەیە کە لە جۆزەدانەی ئەمساڵدا لە سەردەستی ١٤ کەس لە چالاکانی مەدەنی و فەرهەنگی لە نێوخۆی ئێران، کەمپەینێک پێکهاتووە، لە ژێرناوی” دەست لەکارکێشانەوەی خامنەیی و تێپەڕبوون لە کۆماری ئیسلامی” کە سیروس عەبباسی وەکوو یەکەم کورد لەو بارەوە هەڵوێستی گرت و پاڵپشتی خۆی لەو “کەمپەینە دەربڕی.