ڕوانین لە ئاسۆی ڕوونی خەبات لە کونجی زیندانەوە

عوسمان بێورانی
ئەمن عوسمان عەبدوڵاهی ناسراو بە عوسمان بێورانی، ساڵی ١٣٥٥ی هەتاوی لە گوندی بێورانی سەر بە ناوچەی سەردەشت لەدایک بووم. خوێندنی سەرەتاییم لە گوندی بێوران تەواو کردوە و پاشان دەستم کردوە بە خوێندنی مەلایەتی کە دواجار وازم لێ هێنا و ڕووم کردە کار و کاسبیی سەرسنوور.

کاتی خۆی گوندەکەی ئێمە یەکێک بوو لەو گوندانەی کە لەلایەن حیزبی دێموکڕاتەوە قوتابخانەی بۆ دانرابوو، ئەمنیش لەو قوتابخانەیە لە لایەن مامۆستایانی شۆڕشەوە فێری وانەکانی کوردایەتی و نیشتمانپەروەری ببوم. بۆیە هێشتا تازەلاو بووم و لە ساڵی ١٣٧٢دا وێڕای چەند هاوڕێیەکم پەیوەندیمان کرد بە کادرەکانی حیزب لە ناوچە و لە سەر بڕیاری ئەوان کاری تەشکیلاتیمان دەست پێکرد. ئیمە وەک ئەندامی تەشکیلاتی حیزب خەریکی کار و چالاکی بووین، لە بۆنە نیشتیمانی و حیزبیەکاندا بڵاوکراوەی حیزبیمان بڵاو دەکردەوە و دروشمە حیزبیەکانمان دەنوسین و هەواڵ و زانیاریمان دەدایەوە بە حیزب. هەر لەسەر ئەم چالاکییانە لە پاییزی ١٣٧٦ی هەتاوی گرتیانم. ئەو ڕۆژەی گیرام هەمووی دوو_سێ مانگ بوو زەماوەندم کردبوو، کاتێکیش کە “نیما” لە دایک بوو، لە زیندانی مەهاباد بووم و یەکەم جاریش لە پشتی شوشەوە چاوم بە کوڕەکەم کەوت؛ کە هەمیشە ئەوە وەک داخێک لە دڵمدا ماوەتەوە.

ئەو ڕۆژەی ئەمن گیرام، دیار بوو ڕەشبگیر بوو. بە قسەی یەکێک لە بازجووەکانم زیاتر لە سەد کەسیان گرتبوو و پێیان وابوو تەشکیلاتی حیزبیان بە یەکجاری تەفر و تونا کردوە. نەیاندەزانی کە حیزبی دێموکڕات لەنیو دڵ و دەروونی هەموو ڕۆڵە کوردێک دایە و هەرگیز بەوان لەبن نایەت. سەرەتا لە گرتنگەی ئیتلاعاتدا بۆ ماوەی پتر لە مانگێک بە توندترین شێوە ئەشکەنجە دراین و سووکایەتیمان پێکرا. تەنانەت بۆ یەک جاریش ئیجازەی خۆ شۆردنێکیان پێ نەداین. هەموو هەوڵیان ئەوە بوو بە زمانی خۆمان دان بە تاوانەکەمان! دابنێین و بەوەش کاری بڕیاردان لەسەر خۆیان سووک بکەن.

ئەمن بۆ خۆم دووجار چاوم بە قازیی پەروەندەکەم کەوت. جاری یەکەم لە گرتووخانەی ئیتلاعات جاری دووهەمیش لە دادگای ئینقلابی مەهاباد بوو. جاری یەکەم کە چاوم بە قازی هاشم زادە کەوت، قازی بەرەوڕووم دانیشتبوو و هەر چوار دەورم ئەوانە بوون کە بازجووییان دەکردم و ئەشکەنجەیان دەدام. قازی گوتی کۆماری ئیسلامی بەزەیی پێتاندا هاتۆتەوە و وەکیلی بۆ گرتوون، بەڵام هەتا ئێستاش نە زانیم وەکیلەکەم ناوی چییە و نە ڕەنگ و ڕوخساری چۆنە! جاری دووهەمی لە ئینقلابی مەهاباد دیتم. ئێمە دوو کەس بووین و لە ماوەی ۵ دەقەدا کۆمەڵێک تاوانیان لەسەر ڕیز کردین. پاشان بە چوار ساڵ و سێ مانگ زیندان حوکم درام کە دوای نارەزایەتیدەربڕین و پاش ماوەیەک حوکمەکەم گۆڕا بۆ دوو ساڵ. دوایەش بۆ کێشانی حوکمەکەم دایانمە زیندانی ناوەندیی مەهاباد.

زیندانی مەهاباد بۆ خۆی زیندانێکی زۆر چووکە بوو کە بۆ سێسەد تا چوارسەد کەس دروست کرابوو، بەڵام زیاتر لە هەزار کەسیان تێدا بەند کردبوو. لە بواری پاک و خاوێنیەوە وەزعەکە زۆر خراپ بوو. حەوتووی جارێک ئیجازەی حەمام کردن هەبوو، خواردنەکان تابڵێی خراپ و بێتام بوون و زۆربەی ژەمەکان ناچار بووین لە فرۆشگای بەندیخانە خواردن بكڕین. لەگەڵ ئەوەی نێو زیندان بازرەسی دەکرا و زۆر جاریش لە حیفازەتی ئوستانەوە دەهاتن بۆ بازرەسی، بەو حاڵەش مەواد لە نێو زینداندا زۆر ئاسانتر دەست دەکەوت هەتا دەرەوەی زیندان، هەر بۆیە چەند کەسێکی موعتادی نێوشار زووزوو خۆیان بەگرت دەدا. ئەوەی بۆ ئێمەی زیندانی سیاسی زۆر ناخۆش بوو ئەوە بوو کە لەگەڵ زیندانیەکانی دیکە تێکەڵ بووین و بەندی تایبەتمان نەبوو، ئەوش بە جۆرێک ئەشکەنجەی رووحی بوو بۆ ئێمە، زیاتریش بۆ ئەو مەبەستە تێکەڵ بە زیندانییەکانی دیکەیان کردبووین کە بەڵکوو ئێمەش گیرۆدەی مەواد و ئاکار و کرداری ناشیرین بین، بەڵام پێچەوانە ئەوە زیندانییە سیاسییەکان بوون کە کاریگەریی باشیان لەسەر بەندییەکانی دیکە هەبوو.

جارێکیان زیندانییەک کە لەسەت مادەی هۆشبەر حوکمی ئێعدامی هەبوو، بە بەرتیلدان توانی لە زیندان ڕابکا و ئەوە بوو بە بیانوو بۆ فشارهێنان بۆ سەر زیندانییەکان و بۆ ماوەی شەش مانگ بە بەرزتر کردنی دیواری زیندان ڕێگایان نەدا بێینە هەواخۆری. ئەوانەش کە حوکمی ئێعدامیان هەبوو گواستیاننەوە بۆ زیندانی ورمێ کە شەهیدان هەمزە قادری و جەلیل زێوەیی دوو کەس لەوان بوون. دوای بەرزکردنەوەی دیوارەکان وردە وردە زیندانیی حوکم زۆریان بۆ زیندان هێنانەوە ،لەوانە شەهید کەریم توژەڵی و کاک محەممەد شاروێرانی.

ئێمەی زیندانی سیاسی زۆرتر لە کاتی هەواخۆری یا شەوانە پێش خامۆشی لە دەوری یەک کۆ دەبوینەوە و قسەی خۆش و بیرەوەریمان دەگێڕاوە و باسی سیاسیمان دەکرد، یان خەریکی خوێندنەوەی کتێب دەبووین لەو کتێبانەی کتێبخانە یا جاری وا هەبوو لە دەرەوە کتێبمان بۆ دەهات لە نێو خۆمان دا دەستا و دەستمان پێ دەکرد. هێندێک جاریش بۆ سەرگەرمی خەریکی شەترەنج و دامە دەبووین و ئەمن بۆخۆم شەهید هەمزە قادری فێری شەترەنجی کردم…

زیندان ئەگەرچی ناخۆشی و دەرد و ئازاری خۆی هەبوو، بەڵام لە گەڵ ئەوشدا بوونی کەسانێکی شۆڕشگێر و بە بیروباوەڕ لە نێو زینداندا وای دەکرد کە ساتە ناخۆشەکانی زیندان لە بیر بکەین و بۆ داهاتوویەکی گەش و ئاسۆیەکی ڕوون بڕوانین. زۆر بوون ئەو ئەو کەسانەی کە لە زینداندا بۆمن بوون بە مامۆستای خۆڕاگری. هەر ئەوەش وای کرد کە دوای زیندان ڕێگای شۆڕش هەڵبژێرم و بێمە ڕیزی خەباتکارانی حیزبی دێموکڕاتەوە و؛ ئەگەرچی پاش ساڵانێک پێشمەرگایەتی بەهۆی چەند هۆکارێک نەمتوانی زیاتر لە سەنگەری پێشمەرگایەتیدا بمێنمەوە، بەڵام بەڵێن دەدەم لە هەر شوێنێکی ئەو دنیایە بژیم هەر وەفادار بم بە رێبازی شەهیدان و خاکی بەرپێی تێکۆشەرانی ڕێبازی کوردایەتی بم.