ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان: ڕژێمی ئێران دەبێ لە هەمبەر چوار زیندانی سیاسیی کوردی ئێعدام‌کراو، وڵامدەر بێ

بەپێ ڕاپۆرتی گرووپی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پێوەندی لەگەڵ “ونبووانی قەهری” یان “بێسەروشوێن‌کردنی بەئەنقەست”، کە لەم دواییەدا بڵاوکراوەتەوە، فەرزاد کەمانگەر، شیرین عەلەمهۆلی، عەلی حەیدەریان و فەرهاد وەکێڵی وەک ونبووانی قەهری ناسراون.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە بەرپرسانی ئێران دەبێ وێڕای ڕوونکردنەوەی چارەنووسیان، لەئەگەری جێبەجێکردنی حۆکمی سێدارەیان، شوێنی دەفن و گڵکۆکەیان ڕابگەینێ.
ئەم چوار زیندانی سیاسیی کوردە لەگەڵ مەهدی ئیسلامییان لە ڕێکەوتی ۱۹ی بانەمەڕەی ۱۳٨۹ی هەتاوی لە زیندانی ئێڤین لەسێدارە دران و تا ئێستاش شوێنی دەفن و گڵکۆکەیان ڕانەگەینراوە و بنەماڵەکانیان چاوەڕێ هەواڵێک لە بارەوەن.
شایەنی باسە کە لە کۆماری ئیسلامیدا زۆربەی زیندانیانی سیاسی کە ئێعدامیش دەکرێن شوێنی ئەسپەردەکردنیان بە بنەماڵەکانیان ڕاناگەیەنێ و هەربۆیە کەس‌وکار ئێعدامکراوان هەردەم لە چاوەڕوانی‌دان و ئازاری بێسەروشوێن‌بوونی ڕۆڵەکانیان دەچێژن.