تێپەڕبوونی ٩٠ ڕۆژ بەسەر بەندکردنی زارا محەممەدی و ناڕوونیی چارەنووسی

ڕۆژی پێنجشەمە ۲ی جۆزەردانی ٩٨ی هەتاوی سێ کەس لە بەڕێوەبەرانی ئەنجومەنی فەرهەنگی‌_کۆمەڵایەتیی نۆژین لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی شاری سنەوە دەسبەسەر و بۆ گرتنگەی ئیتلاعات گوزراونەوە کە دوای تێپەڕبوونی سێ ڕۆژ ، دوو کەسیان بە ناوەکانی ئیدریس منبەری و ڕێبوار منبەری بەدوای ئازارێکی زۆر و ئەشکەنجەیەکی ناخۆشدا ئازاد کران بەڵام هاوڕێی دیکەیان، زارا موحەممەدی ئێستاش کە زیاتر لە ٩٠ ڕۆژە لە گرتنگە دایە هێشتا چارەنووسی نادیارە و ئازاد نەکراوە.
زارا محەممەدی مامۆستای فێرگەی کوردی دانیشتووی شاری سنەیە ، کە بێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە و بێ ئەنجامدانی هیچ تاوانێک دەسبەر کراوە کە ئەوە زیاتر لە ٩٠ ڕۆژە لە گرتووخانە دایە و بنەماڵەی ناوبراو چەندین جار هەوڵیان داوە کە بە دانانی بارمتە کچەکەیان لەو دۆخە ئاڵۆزە ڕزگار بکەن بەڵام هیچیان لە دەست نەهاتووە.
چالاکانی دیکەی ئەندام لە ئەنجومەنی نۆژین ڕایانگەیاندووە کە دۆخی جەستەیی و دەروونیی زارا زۆر باش نییە و کەس لە چارەنووسی ئاگادار نییە.
شایانی باسە کە ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٥ی جۆزەردانی ئەمساڵ بەدوای تێپەڕبوونی ماوەیەک لە دەسبەسەر بوونی زارا، دوو ئەندامی هەڵسووڕاوی دیکەی نۆژین بەناوەکانی سەیوان ئیبراهیمی و منەت ڕەحمانی دەسبەسەر کران و ئەوانیش تا ئێستا کەس لە چارەنووسیان نازانێ.