هاووڵاتییەکی پیرانشاری بە ٧ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا

هاووڵاتییەکی کورد لە لایەن لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەریی دووی شاری پیرانشار، بە ٧ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەریی ٢ی شاری پیرانشار، هاووڵاتییەکی بە ناوی “سەید ئیدریس کەسرەوی”، خەڵکی گوندی “نەمنجێ” و دانیشتووی شاری پیرانشار، بە ٧ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرد.

کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەم هاووڵاتییە کوردە، بە سەرۆکایەتیی دادوەر “فەراست” بەڕێوەچوو و ناوبراوی بە “پڕوپاگەندە دژی نیزام و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران” تۆمەتبار کردووە.

ئەم هاووڵاتییە کوردە، بەو حوکمە ناڕەزایەتی دەربڕیوە و دۆسیەی ناوبراو بۆ پێداچوونەوە، ڕەوانەی دادگای پێداچوونەوەی شاری ورمێ کراوە.

“سەید ئیدریس کەسرەوی”، ڕۆژی شەممە، ١١ی جۆزەردان، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای ورمێ، ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کرابوو.