سێ هاووڵاتیی کورد لە شاری دەماوەند دەسبەسەر کران

سێ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری سنە، لە شاری دەماوەند سەر بە پارێزگای تاران، دەسبەسەر کراون.

ڕۆژی دووشەممە، ٢٨ی گەلاوێژ، سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی”سەیفوڵڵا جەلیلی” کوڕی “ئیبراهیم”، “بەشیر حاتەمی” کوڕی “سدیق” و “غەفوور یاری” کوڕی “غەفار”، خەڵکی گوندی “ئەوێهەنگـ”ـی شاری سنە، لە شاری دەماوەند، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە، دەسبەسەر کراون.

ئەم سێ هاووڵاتییە کوردە، بە تۆمەتی “کەڵکوەرگرتن لە جامانە لە یەکێک لە زەماوەندەکان لە شاری دەماوەند لە کاتی هەڵپەڕکێ و پڕوپاگەندە دژی نیزام لە بەرژەوەندیی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران”، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کراون.

ئەم سێ هاووڵاتییە کوردە، پاش دەسبەسەری بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون و لە چارەنووسیان هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.