دەسبەسەرکردنی چالاکێکی مەدەنی لە شاری سنە

چالاکێکی مەدەنی خەڵکی ئاوایی تەنگیسەر و نیشتەجێی شاری سنە، لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەرکرا.
بە پێی هەواڵی سەرچاوە خۆجێیەکان موحسێن سەعیدپوور، چالاکی مەدەنی و فەرهەنگی بە هۆکاری ناڕوون لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەرکراوە.
یەکێک لە کەسانی نیزیک بە موحسێن سەعیدپووڕ لە لاپەڕەی فەرمیی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەو هەواڵە ڕایگەیاندووە کە کاتژمێر ٦ی بەیانی ٣٠ی گەلاوێژی ٩٨ی هەتاوی ناوەندە ئەمنییەکان هێرشیان کردوە سەر ماڵی ناوبراو و، پاش دەسبەسەرکردنی بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستوتەوە.
موحسێن سەعیدپوور لە چالاکانی مەدەنی و فەرهەنگی شاری سنەیەوە لە بەڕێوەچوونی بۆنە نەتەوەییەکان وەکوو نەورۆز دەوری بەرچاوی هەبووە.
ناوبراو خێزاندارو خاوەنی سێ منداڵەو تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هۆکاری دەسبەسەرکردنی ناڕوونە.