شەش کەس لە ١٤ ژنی ڕەخنەگری خامنەیی دەسبەسەرکراون

لە دوو حەوتووی ڕابردوو شەش کەس لە ١٤ ژنی چالاکی ئێرانی کە لە کەمپەینی “دەست لەکارکێشانەوەی خامنەیی و تێپەڕبوون لە کۆماری ئیسلامی” پاڵپشتییان کردبوو، دەسبەسەرکراون.
ئێوارەی پێنج ‌شەممە ٣١ی گەلاوێژ شەهلا ئەنتساری لە واژۆکارانی بەیاننامەی دەست لەکاركێشانەوەی خامنەیی لە ماڵەکەی خۆی لە شاری تاران دەسبەسەرکرا.
ڕەزوان موقەدەم لە چالاکانی بواری ژنان و منداڵان وێڕای پشت‌ڕاست کردنەوەی ئەو هەواڵە، باسی لەوە کرد کە تا ئێستا شەش کەس لە ژنانی چالاک بەناوەکانی ؛ شەهلا جەهانبین، فاتمە سپێهری، حووریە فەرج‌زادە، نەرگز مەنسووری و فەرنگیس مەزلووم بە هۆی بەشداریی کردن و ئیمزاکردن لە کەمپەینی دەست لەکارکێشانەوەی خامنەیی دەسبەسەرکراون.
شایەنی باسە کە ١٤کەس لە چالاکانی مەدەنی و سیاسی و کەسانی ناسراوی ئێرانی مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ واتە ٩٨ی هەتاوی بەیاننامەیەکیان واژۆکرد و خوازیاری دەسلەکارکێشانەوەی خامنەیی و نەمانی کۆماری ئیسلامی بوون، کە دواتر کەسانی دیکەش پێشوازییان لەو داوایە کرد، لەوانە ١٤ مامۆستا و ١٤ چالاکی ژن کە کەوتنە بەر هەڕەشەو لێدان و زیندانیکردن و فشاربۆ سەر بنەماڵەکانیان.
ئەندامانی ئەم بەیاننامەیە ڕایانگەیاندووە کە تا گەیشتن بە داواکانیان لە چالاکی بەردەوام دەبن و زیندان و هەڕەشەو تەنانەت مەرگیش نایانترسێنێ.