عوسمان مستەفاپوور، قەڵایەک لە ئیمان و خۆڕاگری

دیرۆکی خۆڕاگریی ئەمجارەمان تایبەتە بە بەڕابردووترین بەندیی سیاسیی کورد “عوسمان مستەفاپوور” کە لە ڕێکەوتی ٢٣ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٧٠وە دەسبەسەر کراوە و هێشتا هەر لە زینداندایە.
عوسمان مستەفاپوور کوڕی حوسێن خەڵکی گوندی “کاسەکەران” سەر بە ناوچەی پیرانشارە، کە وەک ئاماژەی پێکرا، لە ڕێکەوتی ٢٣/٤/١٣٧٠ی هەتاویدا لەگەڵ سێ کەس لە هاوڕێیانی لە ناوچەی تەرگەوەڕی ورمێ لە دۆڵی ئاسنگەران دەسبەسەر کران. دوو هاوڕێی دیکەشیان بە ناوەکانی حوسێن سیتوەت و محەممەدساڵح شاهینی هەر لەو شوێنە و بە دەستڕێژی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای پاسداران گیانیان لەدەست دا. لەو سێ کەسەی کە لەگەڵ عوسمان مستەفاپوور گیرابوون؛ دوو کەسیان بەناوەکانی مەلا جاسم دڵنشین و ئەیووب جەهانگیری بەڕیز لە ساڵەکانی ١٣٧١ و ١٣٧٢ی هەتاوی لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئێعدام کران کە هەتا ئێستاش هیچ زانیارییەک لەسەر شێوەی ئێعدام و شوێنی ناشتنەکەیان لەبەر دەستدا نییە و، میرزا محەممەد قاسمی‌ یەکێکی دیکە لە دەسبەسەرکراوەکانیش لە دوای کێشانی ٨ ساڵ زیندان ئازاد کرا.

عوسمان مستەفاپوور لە کاتی دەسبەسەربوونیەوە بۆ ماوەی شەش مانگ لە زیندانە تاکەکەسییەکانی سپای پاسداران و ئیدارەی ئیتلاعات لەژێر دڕندانەترین ئەشکەنجە ڕووحی و جەستەییەکاندا بووە، کە لەم ماوەیەدا بێجگە لە بازجوو و ئەشکەنجەگەران هیچ کەسێکی نەبینیوە و تەنانەت بنەماڵەکەی خۆشی ئاگایان لە بارودۆخی نەبووە. لە ڕێکەوتی ١٦ی بەفرانباری هەر ئەو ساڵەدا ڕایدەگوێزن بۆ ژوورە تاکەکەسییەکانی زیندانی ناوەندیی ورمێ و لەوێ دەبێ کە بۆ یەکەم جار لە دوای ئەو ماوەیە چاوی بە هاوڕێیانی خۆی دەکەوێتەوە و، هەروەها پاش مانگێکی دی دەهێڵن لەگەڵ بنەماڵەکەی چاوپێکەوتنێکیان هەبێ.

لە ڕێکەوتی ٥ی ڕێبەندانی هەمان ساڵدا وێڕای مەلا جاسم و ئەیووب جەهانگیری لەلایەن بەناو دادگاوە حوکمی سێدارەیان بەسەردا سەپا. ئەمە لە کاتێکدا بوو کە هەرچەندە بنەماڵەی عوسمان مستەفاپوور پارێزەری تایبەتیان بۆ گرتبوو؛ بەڵام هیچکات ئیزنی چوونە نێو دادگا بەو پارێزەرە نەدرا. سێ ڕۆژ لەدوای بەناو دادگاییەکەی لە لایەن دادگاوە بانگ دەکرێ و لەوێ حوکمی ئێعدامەکەی پێ ڕادەگەیەنن، کە ئەمەش ئێعتڕازی عوسمان مستەفاپووری لێ دەکەوێتەوە. بەڵام هاوڕێیانی بە ماوەی چەند مانگی دیکە دەبەنەوە بۆ ئیتلاعات و لەوێ حوکمەکەیان دیسانەوە پێ ڕادەگەیەنن.

بۆ ماوەی دوو ساڵی ڕەبەق لە ژووری تاکەکەسیی زیندان کە پێی دەڵێن “قرنطینە” زۆرترین ئەشکەنجە درا و بەرەوڕووی سووکایەتی پێکردنێکی زۆر بۆوە. لە هاوینی ساڵی ٧١ی هەتاویدا مەلا جاسم لە سێدارە درا و ساڵی دواتریش ئەیووبی جەهانگیرییان ئێعدام کرد و، لە دوای لەسێدارە دانی ئەوان حوکمی ئێعدامی عوسمان مستەفاپوور هەڵدەوشێننەوە و ڕەوانەی زیندانی تەورێزی دەکەن. بۆ ماوەی دوو ساڵ کە لە زیندانی تەورێز دەبێ تێکەڵ بە زیندانییانی سیاسیی دیکە دەبێ و ئەوە وەک ئازادییەک بۆخۆی دەزانێ لە دوای پتر لە دوو ساڵ زیندانی ئینفرادی و تەحەممولی ئەشکەنجە و لێدان و زەبر و زەنگ و لێپرسینەوە.

بەڵام هەر لەو ماوەیەدا کە لە زیندانی تەورێز بەسەر دەبا هاوکات دەبێ لەگەڵ تەقینەوەیەک کە لە مەشهەد دەکرێ و، بەرپرسانی زیندان بەبێ هیچ هۆکارێکی ئەقڵانی تۆڵەی ئەو ڕووداوە لە زیندانییەکانی بەردەستی خۆیان دەکەنەوە و بۆ ماوەی سێ مانگ لە مافی چاوپێکەوتن و “هواخوری” و حەمام کردن بێبەشیان دەکەن؛ کە ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە زۆربەی هەرە زۆری ئەم بەندییە سیاسییانە تووشی نەخۆشیی جۆراوجۆری پێستی بن و لەباری ڕووحییەوە دژوارییەکی تاقەت‌پڕووکێن تەحەممول بکەن.

ماوەی زیندانەکەی لە زیندانی ناوەندیی تەورێز پتر لە دوو ساڵ ناخایەنێ و لە ساڵی ٧٤دا دیسانەوە بۆ زیندانی ورمێ بەڕێ دەکرێتەوە. لەوێ بێئاگا لە هەموو شتێک دیسان دەیبەنەوە بۆ دادگا بەبێ ئەوەی کە هیچ بەڵگەیەکیان لەبەر دەستدا هەبێ دۆزێکی دەستکردی بۆ دروست دەکەن و تاوانی قەتڵ دەخەنە پاڵی و، بەم دۆزەوە هەتا ساڵی ٧٩ دەیخەنە گێرە و کێشەوە و لە ئاکامدا بە تاوانی بەشداری و دەست تێدا هەبوون لە قەتڵێکدا، حوکمی دە ساڵ زیندانی بەسەردا دەسەپێنێن. ئەو کە سەری سووڕ دەمێنێ لەم حوکمە ستەمکارانە و بێبنەمایە ئەوپەڕی حەولی خۆی دەدا کە بێتاوانیی خۆی بسەلمێنێ، بەڵام لەم حەول و تێکۆشانەیدا سەرکەوتوو نابێ. لەو کاتەدا کە دڵخۆش بەوەیە کە ئەوە ٩ ساڵە لە بەندیخانەدایە و دوو ساڵ و چەند مانگی لە ژووری تاکەکەسی و لەوپەڕی زەجر و بێدەرەتانیدا بەسەر بردوە و ئیدی تەنیا یەک ساڵی ماوە هەتا تەواو بوونی حوکمەکەی؛ بەڵام دادگایەکی نوێی بۆ پێک دێنن و ئەمجارەیان بەتاوانی ئەندامەتیی حیزبی دێموکرات ١٥ ساڵ زیندانی دیکەی بەسەردا دەسەپێنن.

دەبێ ئاماژە بەوەش بکرێ کە لە ڕەوتی دادگایی و مەحکووم کردنیدا هیچ بەڵگەیەک لەبەردەستی کاربەدەستانی دادگا و بازجووەکانی سپا و ئیدارەی ئیتلاعاتدا نەبووە و، هەموو تاوانەکان لەژێر ئەشکەنجە و دانپێدانانی زۆرەملی و بەشێوەی زارەکی خراوەتە پاڵ ئەم بەندییە سیاسییە کوردە؛ تەنانەت لە زۆربەی کاتەکاندا لەژێر ئەشکەنجە و لێدانەکاندا کە لەسەر خۆ چووە و وشیاریی خۆی هەتا ڕادەیەکی زۆر لەدەست داوە، لەو کاتەدا بەرگە و بەڵگەکانیان بەزۆری پێ واژۆ کردوە و قامکی جەوهەراوییان پێ لەژێر لاپەڕەکان کوتاوە.

لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ئێستا کە پێی ناوەتە ٢٩ ساڵەی زیندانیی خۆی، تەنانەت بۆ یەک ڕۆژیش مەرەخەسیی نەدراوەتێ و هەر لەم ماوەیەدا دایک، برا و خوشکێکی خۆی لەدەست داوە کە نەیانهێشتوە بەشداری لە پرسە و سەرەخۆشیی هیچ کامێکیان بکا و؛ ئەمە ڕێک بەپێچەوانەی چارتی نێوخۆیی زیندانە کە دەبوو لەژێر چاودێریدا ئیزنی ئەوەیان پێ بدایە. سەرەڕای ئەم بارستاییە لە سەختی و ناخۆشییەک کە بەدرێژایی ئەم ساڵانە بە پێست و ئێسک و هەستی خۆی چێشتوویەتی، عوسمان مستەفاپوور هەر لە چاوەڕوانیدا بەسەر دەبا و هەتا ئێستاش بەشێوەی فەرمی و بە نووسراوە کات و ڕێکەوتی ئازادبوونەکەیان پێ ڕانەگەیاندوە و یەکلاییان نەکردۆتەوە لەوەی کە کەی کۆتایی بەم دۆخەی دێ.