فەڕانسە خوازیاری ڕاگرتنی چالاکییە مووشەکییەکانی ئێران

وەزارەتی دەرەوەی فەڕانسە ڕۆژی ٢١ی بەفرانبار لە ڕاگەیەندراوێکدا خوازیاری ڕاگرتنی تاقیکردنەوەی مووشەک و هەموو ئەو چالاکیانەیە کە پێوەندییان هەیە بە دروست کردنی مووشەکە بالستیکەکانی هەڵگری چەکی ناوکی لە لایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە.
“بەهرام قاسمی” لە دژکردەوەیەکدا سەبارەت بەو ڕاگەیەندراوەی وەزارەتی دەرەوەی فەڕانسە، گوتی: چاوەڕوانی لە فەڕانسە ئەوەیە کە لە دووپات کردنەوەی قسەی هەڵەی دژبەرانی بەرجام خۆی بپاریزێ.
“ڕۆبێرت پالادینۆ” جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ڕۆژی هەینی ٢١ی بەفرانبار لە تویتێکدا ڕێزی لەو ڕاگەیەندراوە بەهێزەی فەڕانسە کرد و لە درێژەی تویتەکەی دا نووسێ: تاقیکردنەوە مووشەکییەکانی ئێران سەرپێچی ئاشکرای بڕیارنامەی ٢٢٣١ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکانە و ئێستا دنیا لە مەترسیەکانی ڕێژیمی ئێران ئاگادارە.
هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی فەڕانسەشدا هاتووە کە تاقیکردنەوەی مووشەکیی ئێران پێچەوانەی ڕێککەوتنی بڕیارنامەی ٢٢٣١ی ئەنجوومەنی ئاسایشە و هەر بۆیە داواکارە کە ئەو تاقیکردنەوە مووشەکیانە ڕابگرێ.
حەسەن ڕووحانی سەرۆک کۆماری ئێران دوو ڕۆژ پێش ڕاگەیەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی فەڕانسە، لە رێوڕەسمی دووهەمین ساڵوەگەڕی مەرگی هاشمی ڕەفسەنجانی دا، گوتی: لە چەند حەوتووی داهاتوودا دوو مووشەکی هەڵگری سەتەلایت تاقی دەکەینەوە.
تاقیکردنەوەی مووشەکی بالستیک، کردەوە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئورووپا و دەوری دووهەمی گەمارۆکان بۆ سەر ئێران، بۆ جارێکیتر گرژی و ئاڵۆزی خستۆتەوە نیوان ئێران و وڵاتانی ئوروپایی و ئێرانی تووشی کێشە و قەیرانی زیاتر کردووە.