جاوید ڕەحمان: نیوەی ڕاستی زیندانیانی سیاسی لە ئێران کوردن

جاوید ڕەحمان، ڕێپۆرتەری تایبەتیی شووڕای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئێران ڕایگەیاندوە کە نیوەی بەندکراوانی سیاسی لە ئێران کوردەکانن. ئەو لە دووهەمین ڕاپۆرتی خۆیدا پێداگریی لەسەر ئەوە کردوە کە سەرکوتی ماف و ئازادییەکانی خەڵک، پێشێلکردنی ئازادیی ڕادەربڕین، زەوتکردنی مافی ژنان و کەمایەتییە ئایینی و نەتەوەییەکان وەکوو پێشوو درێژەی هەیە و گەمارۆکانی سەر کۆماری ئیسلامیش کاریگەریی زۆری لەسەر ژیانی خەڵک بووە.
لەو راپۆرتەدا هاتوە کە دوای سیستان و بەلوچستان کە پەراوێزخراوترن و گەشەنەکردووترین ناوچەی ئێرانە، کوردستان کە چەند پارێزگایەکی ئێران دەگرێتەوە زۆرترین نرخی بێکاریی هەیە. هەروەها لە کوردستان ژمارەیەکی یەکجار کەم لە کاربەدەستانی سەرووی دامودەزگا ئیداری و بەڕێوەبەرییەکان کوردن و زمانی کوردی لە قوتابخانەکان ناخوێندرێ و هاوکات نیوەی ڕاستی زیندانیانی سیاسی لە ئێران کوردن.
جاوید ڕەحمان لەو ڕاپۆرتەدا ئاماژەی بە کوشتاری سیستماتیکی کۆڵبەران و کاسبکاران کردوە و دەڵێ ئەوەندە ڕادەیە لە کوشتن و زەبروزەنگ جێی نیگەرانییە و داوای لە ئێران کردوە بەپێی پڕەنسیپە نێونەتەوەییەکان ڕێگا بدا سەردانی ئەم وڵاتە بکا و لە نیزیکەوە بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتانە بکا.
جاوید ڕەحمان دەڵێ ڕێژی زۆری لە سێدارەدان، پێشێلکردنی ئازادیی بەیان و سەرکوتی ڕۆژنامەنووسان و چالاکانی مەدەنی، پێشێلکردنی مافی زیندانیان و کەمایەتیە مەزهەبی و قەومیەکان و پێشێلکردنی مافی ژنان، لە نموونەکانی پێشێلکردنی مافی مرۆڤن لە ئێراندا.
کۆماری ئیسلامیی ئێران لە وەڵامدا ئەم ڕاپۆرتەی ڕێپۆرتەری تایبەتیی شووڕای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئێرانی بە سیاسی لە قەڵەم داوە، ئەوە لە حاڵێکدایە کە لە ماوەی چل ساڵ دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا دوو ساڵی لێ دەرچێ، هەموو ساڵێ کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێژیمی تارانی لەسەر پێشێلکردنی سیستماتیکی مافی مرۆڤ مەحکووم کردوە و بڕیارنامەی لەدژی دەرکردوە.