ناڕوونی چارەنووسی بەندکراوێکی دیکەی کورد لە دیواندەرە

هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی دیواندەرە کرێکارێکی نانەواخانەیان دەستبەسەر کرد و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستوتەوە.
بە پێی ڕاپۆڕتی ماف نیوز هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی دیواندەرە ڕۆژی ١٧ی گەڵاوێژی ١٣٩٨ی هەتاوی، کرێکارێکی نانەواخانەیان بە ناوی ”سدیق سەیفی“ دەستبەسەر کردووە و لە چارەنووسی هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
سەرچاوەیەکی نیزیک لە بنەماڵەی سەیفی لەوبارەوە ڕایگەیاندووە کە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی دیواندەرە ناوبراویان لە کاتی کارکردن‌دا دەسبەسەر و دواتر چوونە ناو ماڵەکەی و دوای پشکنینی ماڵەکەی دەستیان بە سەر کەرەستە تاکەکەسییەکانیدا گرتووە.
سەرەڕای بە دواداچوونی بنەماڵەکەی ناوبراو تا ئێستا لە شوێنی ڕاگیرانی هیچ زانیارییەکان نییە و ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا ئاماژەی بەوە کردووە کە سدیق سەیفی بە تۆمەتی چالاکیی سیاسی و هاوکاری حیزبە کوردییەکان دەسبەسەر کراوە.